خوێندن و په‌روه‌رده‌

تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكرد “له‌كۆی 700 هه‌زار 100 هه‌زار خوێندكار له‌سلێمانی به‌شدارن”

دوێنێ تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكرد، له‌شاری سلێمانیش له‌كۆی 700 هه‌زار خوێندكار 100 هه‌زار خوێندكار تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌.

 

پشتیوان سادق ئه‌مڕۆ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند، تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌می خوێندكاران له‌پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر ده‌ستپێكردووه‌، كه‌ 500 هه‌زار خوێندكار تێیدا به‌شداریده‌كه‌ن.

ده‌ستپێكردنی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ بایكۆتی‌ خوێندن له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ مامۆستایانه‌وه‌ له‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و راپه‌ڕین.
 
پشتیوان سادق وتی “له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گفتوگۆداین و ئه‌وان پڕۆژه‌یان ئاماده‌كردووه‌، دواتر بڕیار ده‌ده‌رێت تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌و قوتابخانه‌ی كه‌بایكۆتی تێدایه‌ چی كاتێك ئه‌نجامبدرێت، هه‌موو ئومێده‌كان بۆ ساڵی 2017 ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ كه‌مبێته‌وه‌ تائاستێكیش به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن بڕوات”. 

به‌وته‌ی‌ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌، له‌سنوری پارێزگه‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌حكومی و ناحوكمی زیاتر له‌ 100 هه‌زار تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌دات له‌كۆی 700 هه‌زار خوێندكار.

له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی وزاری پۆله‌ كۆتاكان وه‌زیری په‌روه‌رده‌ رایگه‌یاند “هه‌وڵده‌ده‌ین تاقیكردنه‌وه‌كانی وزاری له‌یه‌ككاتدا بێت، ناكرێت تاقیكردنه‌وه‌كان به‌شبكرێت، به‌ڵام به‌نسبه‌ت تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رزی یه‌كه‌م یان دووه‌م ئاساییه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌نجامنه‌درێت”.

وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، رۆژی‌ یه‌ك-ی مانگی‌ ده‌ی‌ ئه‌مساڵ ده‌ستپێكردنی‌ وه‌رزی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ ساڵی‌ 2016-2017ی‌ راگه‌یاند و له‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ هه‌ولێر و دهۆك پڕۆسه‌ی‌ خوێندن ئاساییه‌، له‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین به‌هۆی‌ بایكۆتی‌ نزیكه‌ی‌ 50 هه‌زار مامۆستاوه‌ زیاتر له‌ 700 هه‌زار خوێندكار له‌ 2500 قوتابخانه‌ له‌ خوێندن بێبه‌شبووبوون، به‌لاَم له‌ ئێستادا له‌ به‌شێك له‌ قوتابخانه‌كانی‌ ئه‌و دوو پارێزگایه‌ خوێندن ده‌ستپێكردوه‌ته‌وه‌ و به‌شێك له‌ مامۆستایانیش له‌ بایكۆت به‌رده‌وامن.

وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ وتیشی “درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی خوێندنی له‌سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌پارێزگه‌ی هه‌ولێر و دهۆك و كه‌ركوكه‌وه‌ نابێت، ده‌شبێت قه‌ره‌بوی ئه‌و كاته‌ فه‌وتاوه‌ بكرێته‌وه‌ ناكرێت خوێندكار مه‌نهه‌ج ته‌واو نه‌كات و بچێته‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، ده‌توانرێت له‌پشوه‌كانی به‌هار و هاوین درێژبكرێته‌وه‌”.

له‌باره‌ی‌ پاره‌ی‌ هاندانی‌ مامۆستایانه‌وه‌، پشتیوان سادق باسی‌ له‌وه‌كرد، وه‌زاره‌تی دارایی سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه‌ رێنمایی دارایی بۆ خه‌رجكردنی‌ ده‌ربكات و له‌م چه‌ند رۆژه‌دا ته‌واو ده‌بێت، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری په‌روه‌رده‌ی پارێزگاكان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ژماره‌ی مامۆستایانی ده‌ره‌وه‌ی شار و ناوه‌وه‌ی شار، ئه‌وه‌ش وردبینی ده‌وێت بۆیه‌ كه‌مێك دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌دڵنیایی له‌سه‌دا 100 جێبه‌جێده‌كرێت.

وەڵامێک بنووسە