هه‌مه‌ڕه‌نگ

یه‌كێتی پیاوان: ساڵی‌ رابردوو هه‌شت پیاو له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌ كوژراون

له‌ساڵی 2016دا هه‌شت پیاو له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌ كوژراون، 70 پیاویش خۆیان كوشتووه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی یه‌كێتی پیاوانی كوردستان.

بورهان عه‌لی سكرتێری گشتی یه‌كێتی پیاوانی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ سلێمانی رایگه‌یاند “له‌ساڵی 2016دا هه‌شت پیاو له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كوژراون، هه‌روه‌ها پێنج سه‌دو 31 پیاو سكاڵایان له‌سه‌ر ژنه‌كانیان تۆماركردووه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ساڵی رابردودا 70 پیاو خۆیان كوشتووه‌، به‌راورد به‌ ساڵی 2015 ژماره‌كه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌، كه‌ 61 پیاو خۆیان كوشتبوو، به‌وه‌ش كۆی گشتی ئه‌و پیاوانه‌ی له‌ ساڵی 2011ه‌وه‌ خۆیان كوشتووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 358 پیاو.

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی یه‌كێتی پیاوانی كوردستان، له‌ساڵی 2016 دا 13 كه‌یسی توندوتیژی جه‌سته‌یی پیاوان تۆماركراوه‌، هه‌روه‌ها 56 كه‌یسی خیانه‌تی هاوسه‌ری و  36 كه‌یسی ده‌ركردنی پیاوانی به‌ته‌مه‌ن له‌ماڵه‌كانیان له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێم تۆماركراوه‌.

هه‌رله‌ ئاماره‌كانی یه‌كێتی پیاوانی كوردستاندا هاتووه‌،  له‌ساڵی 2016دا 17 پیاو سكاڵایان تۆماركردووه‌ كه‌له‌لایه‌ن هاوسه‌رو منداڵه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر موچه‌كانیاندا گیراوه‌و خه‌رجیانكردووه‌.

بورهان عه‌لی سكرتێری گشتی یه‌كێتی پیاوانی كوردستان راشیگه‌یاند، 231 كه‌یسی ده‌ستبه‌ر سه‌رداگرتنی منداڵ له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ دژی پیاوه‌كانیان هه‌روه‌ها 48 كه‌یسی فشاری ده‌رونی و سێكسی تۆماركراوه‌.

بورهان عه‌لی هۆكاره‌كانی زیادبونی توندوتیژی دژی پیاوان روونكرده‌وه‌، وتی “قه‌یرانی دارایی یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی به‌رزبونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، به‌پێی یاسای باری كه‌سێتی و شه‌ریعه‌تی ئیسلام پیاو پابه‌ندكراوه‌ به‌ دابینكردنی بژێوی خێزان بۆیه‌ كاتێك ناتوانێت بژێوی خێزان دابینبكات رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها قه‌یرانی سیاسی وایكردووه‌ ژیانێكی ئاڵۆز بۆ تاكی كورد دروستبكات”.

وەڵامێک بنووسە