هه‌مه‌ڕه‌نگ

چینییەکان لەڕێی ئینتەرنێتەوە بەدوای هاوسەرگیریدا دەگەڕێن

لە وڵاتی چین ئێستاش باوکان و دایکان هەوڵ دەدەن بە دەستی خۆیان هاوسەرێک بۆ کوڕ وکچەکانیان پەیدابکەن، ئەمەش لای زۆر کەس نەریتێکی کۆنە و لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا نەگونجاوە.

سایتی وی چات پێچەوانەی ئەم بۆچوونە دەردەخات چونکە لە رێگەیەوە دایک و باوکەکان بەدوای دۆزینەوەی هاوسەرن بۆ منداڵەکانیان و بۆ ئەمەش کۆدێک بۆ ناسینەوە بەکاردەهێنن.

 لە ناوەڕاستی پەکینی پایتەختدا لەبەردەم پارکی پەرستگەی بەهەشتیدا بازاڕێک بۆ فرۆشتنی شتومەک هەیە، لە پاڵ شتومەکەکاندا ئەو کچانەی تەمەنیان باڵاچووە و لە دایکبووی هەشتاکانن تەمەن و باڵای خۆیان تۆماردەکەن و کۆدی خۆشیان دەنووسن کە لە سایتی وی چاتدا بەمەبەستی هاوسەرگیری بدۆزرێنەوە.

 زانیارییەکانی نووسینگەی ئامارە نیشتیمانییەکانی چین باس لەوە دەکەن کە ٩٠%ی کچانی چین لە ژێر تەمەنی سی ساڵیدا هاوسەرگیری دەکەن و زۆربەیان لە ٢٦ ساڵیدا هاوسەری خۆیان هەڵدەبژێڕن.

بەڵام بازاڕی دۆزینەوەی هاوسەر لەرێگەی کۆمپیوتەرەوە و بەتایبەتی لەلایەن باوک و دایکەکانەوە جێی پەسەندی گەنجان نییە، چونکە زۆرجار وا رێکەوتووە کە گەنجەکە ئاگای لەو کارەی باوانی نییە و لەناکاو لەگەڵ کوڕێکدا یان کچێکدا بۆ هاوسەرگیری ڕووبەڕوو دەکرێتەوە.

بە پێی ئاژانسی شینخواش ٢٠٠ ملیۆن گەنج لە چین لە تەمەنی هاوسەرگیریدان و سەڵتن و زۆربەشیان کوڕن.

 نووسینگەی ئاماری نیشتیمانی چین دەڵێت تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەو کوڕانەی گەیشتوونەتە تەمەنی هاوسەرگیری و هێشتا هەر سەڵتن ژمارەیان ٢٤ ملیۆن لە کچان زیاترە.

کێشەکەش لەوەدایە کە ئێستاش سەڵتی لە ناو کچاندا بە نەنگییەک دەبینرێت هەرچەندە زۆریان گەیشتوونەتە پلە و پۆستی باش لەناو کۆمەڵگادا، کەچی سەڵتی بۆ پیاو تا دەگاتە تەمەنی ٤٠ یان ٥٠ ساڵ بەوچاوە تەماشا ناکرێت.

وەڵامێک بنووسە