خوێندن و په‌روه‌رده‌

زانكۆی راپەڕین ڕاپرسی لەسەر یه‌كپۆشی خوێندكارانی ئەنجامدەدات

دڵشاد ئەحمەد
بە مەبەستی زانینی سەرنج و تێڕوانینی سەرجەم خوێندكاران سەبارەت بە جێبەجێكردنی پەیڕەوی هاوپۆشی (الزي الموحد) لەنێو خوێندكارانی زانكۆی ڕاپەڕین، لەپێناو بەرژەوەندیی خوێندكاراندا، وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە ڕێگەی چەند لیژنەیەكەوە ڕاپرسییەك لە ناو خوێندكارانی زانكۆ لەسەر ئەو پرسە ساز بكرێت.

هێرش رەوسوڵ،یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، رایگه‌یاند “لەماوەی ئەو هەفتەیەدا لەڕێگەی یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆك و بڕیاردەری بەشەكانەوە، بەرچاوڕونی تەواو دەدرێتە خوێندكاران و پێویستی و بایەخی جێبەجێكردنی پەیڕەوی (هاوپۆشی)یان بۆ رونبكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەفتەی داهاتوودا و لە یەك كاتدا لە هەموو زانكۆ ڕاپرسیەكی شەفاف لەسەر ئەو پرسە لە زانكۆی راپەڕین ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامی ڕاپرسییەكە و دوا بڕیار بدەینە دەست خوێندكاران خۆیان”.

وتیشی “چەند هۆكارێك هەیە بۆ ئەوەی پەیڕەوی هەوپۆشی لەناو خوێنداكارانی زانكۆ جێبەجێ‌ بكرێت،لەوانە:

1- بوونی تەنگژەی ئابوری لە وڵاتدا و خراپی باری دارایی خوێندكاران و كەسوكاریان .
۲- نەهێشتن یان كەمكردنەوەی دایاردەی جیاوازی چینایەتی لەنێو خوێندكاراندا .
۳- زاڵبوون بەسەر هەندێ كێشەی كۆمەڵایەتی و دەرونی كە ڕۆژانە ڕوبەڕوی خوێندكاران دەبێتەوە .
٤- ڕێگرتن لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو كە باری تەناهی “ئەمنی” زانكۆ و خوێندكاران بخاتە مەترسیەوە .
٥- لادانی زانكۆ لە دیاردەی نمایشكردنی مۆدێلی جل و بەرگ لەلایەن هەندێ لە خوێندكارانەوە .
٦- جیاكردنەوەی خوێندكار لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەران لە ناو زانكۆدا لە ڕووی پۆشینەوە .
۷- بوونی داوایەكی زۆر بۆ ئەم بابەتە هەم لەلایەن خوێندكاران و هەم كەسوكاریانەوە، هەروەها بۆچوونی شارەزایانی بواری خوێندن و پەروەردە لەو بارەیەوە .

هێرش رەسوڵ ئاشكراشیكرد كە،لەپێناو ئەنجامدانی ڕاپرسیەكە بەشێوەیەكی پاك و شەفاف، وەك پڕۆسەیەكی دیموكراسی لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی زانكۆ و چەند لیژنەی لاوەكی لەسەر ئاستی كۆلێژەكان پێكدێن، بۆ ئەو مەبەستە لەسەرجەم بەشەكانی زانكۆمان خوێندكاران دەتوانن ناوی نوێنەری هەڵبژێردراوی خۆیان ڕادەستی لیژنەی باڵا بكەن بۆ ئەوەی نوێنەریان لە لیژنەی لاوەكی هەبێت.

وەڵامێک بنووسە