هه‌واڵ

95% مامۆستایانى زانكۆ وه‌ك وانەبێژ لە زانكۆ ئەهلییەكان دەوام دەكەن

هیچ مامۆستایەكی زانكۆ حكومییەكانی كوردستان وازیان لە زانكۆكانیان نەهێناوە، بەڵكو 95%یان وەك وانەبێژ لە زانكۆ ئەهلییەكان دەوام دەكەن.

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، لەمیانی پرێس كۆنفرانسێكدا لەپاش سەردانیكردنی زانكۆی هەڵەبجە رایگه‌یاند:” ژمارەی مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكان چوار هێندەی ژمارەی مامۆستایانی زانكۆ ئەهلییەكانە، گەورەترین وزە و توانامان لە زانكۆ حكومییەكاندایە، بۆئەوەی بتوانین پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ ئەهلییەكان بەردەوامیی پێبدەین، پێویستە مامۆستایانمان پشتگیری زانكۆ ئەهلییەكان بكەن و ئەوەش هاوكارییەكی گەورەیە بۆ ئەو زانكۆیانە”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد،” زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی چوونەتە زانكۆ ئەهلییەكان بەشێوەی وانەبێژ دەوام دەكەن. لەم دۆخە داراییە خراپەشدا كە مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكانی تێكەوتوە و حكومەت ناتوانێت شایستە داراییەكانیان پێبدات، ئێمە رێنماییمان دەركردووە، تا هەلیان بۆ بڕەخسێنین بتوانن لە شوێنی تردا كار بكەن تا كەمێك لەو بارە قورسەی بەهۆی پاشەكەوتی موچەوە لەسەر مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكانە، كەمكەینەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم 95%ی مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكان بەشێوەی وانەبێژ چونەتە زانكۆ ئەهلییەكانەوە، ئەوەی تر كە رۆیشتوون بەشێوەی ئیعارە چوون كە لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵادا هەیە وەزارەت دەتوانێت سێ ساڵ بەلانیكەمەوە بوار بداتە ئەو مامۆستایانەی دەیانەوێت بچنە زانكۆ ئەهلییەكانەوە، بەجۆرێك موچە و ئیمتیازاتی مامۆستاكە دەچێتە سەر زانكۆ ئەهلییەكە، بەڵام خزمەتەكەی لە زانكۆ حكومییەكەدا بۆ هەژمار دەكرێت، ئەم بابەتە لە یاسای عیراقیشدا هاتووە و كاری پێدەكرێت و لە سوودی مامۆستایانیشدایە”.

 
 
 

وەڵامێک بنووسە