هه‌مه‌ڕه‌نگ

مێژووی ڕۆمان ئاوێنەی مێژووی مرۆڤە

مێژووی ڕۆمان ئاوێنەی مێژووی مرۆڤە
گفتوگۆ لە نێوان ئیان مەکئیوان و میلان کوندێرا

 لە ئەڵمانییەوە
کەریم پەڕەنگ

مەکئیوان: من وا هەست دەکەم، کە ئەو متمانەیەتان بە ڕۆمان هەیە، تێگەیشتنێکی زۆر تایبەتی جیهانمان پێ بدات، بە بۆچوونی ئێوە ڕێگە بە تێڕوانینگەلێک دەدا، کە شێوەی دی بەرجەستەکردن نای کات.
کوندێرا: بەڵێ، من لەو بڕوایەدام ڕۆمان شتێک دەگەیەنێت، کە ناتوانرێت بە شێوەیەکی دی بگوترێت. بەڵام زۆر زەحمەتە دیاری بکرێت ڕێک ئەو شتە چییە، ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت لە لایەکی دییەوە سەیری کێشەکە بکات، بەوەی مرۆڤ بۆ نموونە بڵێت: مەرامی ڕۆمان نییە، وەسفی کۆمەڵگە بکات، لە بەر ئەوەی بە دڵنیاییەوە ئەگەری باشتر هەیە، ئەمە بکرێت. ڕۆمان ناشیەوێت وەسفی مێژوو بکات، چوونکە ئەمە ئەرکی مێژوونووسییە، نووسەرانی ڕۆمان بۆ ئەوە ڕۆمان نانووسن ستالین ڕیسوا بکەن: سۆلشەنیزین لە بەیاننامەکانیدا مشووری ئەمە دەخوات. بەڵام ڕۆمان تاقە ئەگەرە، بوونی مرۆڤ لە هەموو ڕەهەندەکاندا وەسف بکات، پیشانی بدات، ڕاڤەی بکات، توێکڵەکەی لێ بکاتەوە. من هیچ هەوڵێکی ڕۆشنبیری نازانم کە شان لە شانی دەستکەوتی ڕۆمان بدات. تەنانەت فەلسەفەی بوونگەراییش ناتوانێت ئەمە بکات. خەسڵەتی تایبەتمەندی ڕۆمان بەدگومانییەکەیەتی، کە لە بنەمادا دژی هەموو سیستەمەکانی بیرکردنەوە بایەخی پێ دەدات. ڕۆمان ئەو بەڵگەنەویستە دەکاتە پێشمەرج کە مەحاڵە بوونی مرۆڤ لە هەر شێوەیەکی سیستەمدا بگونجێنرێت.
مەکئیوان: … لایەنێکی خەسڵەتگەرای پەخشانەکانت ئامادەبوونی نووسەرە، وەکو کۆراڵ دەردەکەوێت، کە پرسیار لە بارەی ڕەفتار و پاڵنەرەکانی کاراکتەرەکانەوە دەکات و لێکیان دەداتەوە. ئەم دەنگە لە (گەمە)دا دەردەکەوێت، لە دوو ڕۆمانەکەی دیشدا زۆر ئامادەیە. ئایا تەکنیکی ڕۆمانی نەریتیی بە نووسەری نادیارەوە بۆ مەرامەکانتان بەس نین؟
کوندێرا: وەکو پێشووتر گوتم، بۆ من بەهای ڕۆمان لەو شێوەیەدا نییە، چۆن درک بە دۆخێکی جەوهەری دەکات. ڕۆمان تەنیا وەسفی بار و دۆخ ناکات –با بڵێن ئیرەیی یان نەرم و نیانیی، یان کۆشش بۆ گەیشتن بە دەستەڵات –درک بەم بار و دۆخانەش دەکات، دەبێت ئیست بکات، زۆر باش چاودێریی دەکات، بیری لێ دەکاتەوە، پرسیاریان لێ دەکات، پرسوجویان لەگەڵ دەکات و وەکو مەتەڵ لێیان تێ دەگات. کاتێ هەندێ بار و دۆخی دیاریکراو دەبنە مەتەڵ، مرۆڤ دەبێت دەست بەوە بکات، بیریان لێ بکاتەوە. با بۆ نموونە ئیرەیی وەرگرین. ئیرەیی شتێکی هێندە ڕۆژانەیە هەموو ڕوونکردنەوەیەک زیادەیە. بەڵام ئەمە ناگۆڕێت ئەگەر مرۆڤ دەست بەوە بکات بیری لێ بکاتەوە. بۆچی بووردەباریی ئەوە ناکرێت، کە مرۆڤ سەیر بکات ژنێک لەگەڵ پیاوێکی دیدا سەرجێی دەکات؟ لەپڕ شتە ڕۆژانەکە سەخت دەبێت، سەرلێشێونەر، مەتەڵئامێز دەبێت. تەنانەت من هێندە پێی لێ ڕادەکێشم بانگەشەی ئەوە بکەی، کە ڕۆماننووس ئەوە بە ئامانج دەگرێت، دوو واتایی بخاتە ڕوو، لە بەر ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر شت بێایەخ و ساکار بووە. من دەبێت لە ڕۆماندا دەنگێک ببستم کە بیر بکاتەوە، بەڵام نەک دەنگی فەیلەسوفێ. میتۆدی ڕۆماننووس لەوە پێک هاتووە، هەمیشە زیاتر ڕۆ بچێت، هەتا دەگاتە کاکڵی گرفتەکە، بە بێ ئەوەی چارەسەرێک بخاتە ڕوو.
مەکئیوان: ئێوە زۆر هەوڵ دەدەن، “دەروونناسیی” بە کاراکتەرەکانتان نەدەن –بە ڕاستیش کارەکانتان زۆر بە پێچەوانەی ڕۆمانی دەروونییەوەن. ئێوە ئەوە بەجێ دەگەیەنن، بۆ ئەوەی بە بیرمانی بهێننەوە، کە کاراکتەرەکانت تەنیا داهێنراون. لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی ناچیزە دەتوانن زۆر واقیعی بە دەریان بخەن. من لەو بڕوایەدام، ئێوە لە بەر ئەوە ئەوەتان بۆ دەلوێت، کە گێڕەرەوە خۆسەپێنەکەتان بە جۆرێک لە بارەی کاراکتەرەکانەوە قسە دەکات، وەکو چۆن خەڵکی وشیار باسی هاوڕێیەکی باش دەکەن. سەرنجەکانی نێوان وەکو بڵێی کیچی بەرزن. ئەمەش ئەو هەستەمان لە لا بێدار دەکاتەوە، کە کاراکتەرەکان بە ڕاستی لە ئارادان.
کوندێرا: بەڵێ، ئەوە ڕاستە. من داوای ئەوە لە خۆم ناکەم، هەموو شتێک لە بارەی کاراکتەرەکانمەوە بزانم. من ئەمە ناتوانم، بە هەمان شێوە ناتوانم داوای ئەوە بکەم، هەموو شتێک لە بارەی هاوڕێیەکەوە بزانم. من لە ئاستێکی زۆر گریمانەییدا دەنووسم. شتێکی هاوشێوەیشە لەگەڵ هاوڕێیەکدا. تەنانەت کاتێ مرۆڤ لەگەڵ باشترین هاوڕێیەکیشدا قسە دەکات –هەموو شتێکیشی بۆ دەگەڕێتەوە، کە بتوانرێ بگێڕدرێتەوە-، چاودێریی گریمانە دەمێنێتەوە.
مەکئیوان: سەرسامیتان بۆ کافکا پاڵی نان بۆ ئەوەی ئەو سەرنجە دەر ببڕن، کە ڕۆمان لە ژیان لە تەڵەدا دەکۆڵیتەوە و جیهان بووەتە تەڵە؟
کوندێرا: بەڵێ، ڕۆمانی مۆدێرن لەو تەڵەیە دەکۆڵێتەوە. جیهان بووەتە تەڵە. مێژووی ڕۆمان ئاوێنەی مێژووی مرۆڤە، بەڵام کاتێ کافکا هات، شتێک ڕووی دا، -شتێک، کە هێشتا بە تەواویی نەناسراوەتەوە. زۆربەی جارەکان سێ ئەستێرەکە نوێنەرایەتی ڕۆمانی مۆدێرن دەکەن، جۆیس، پرۆست و کافکا. بەڵام من هەمیشە وا هاتووەتە بەرچاوم وەکو پرۆست و جۆیس پڕکەرەوە بن، کۆتاییهاتنی پرۆسێسێکی درێژی گەشەکردن بێت، هەتا فلۆبێر دەگەڕێتەوە. لەگەڵ کافکا و ڕەنگە لەگەڵ برۆخ و موزیل شتێکی زۆر جیاواز دەست پێ بکات. هەتا کافکا مرۆڤ دژی دڕەندەکەی ناخی دەجەنگا، دژی ئەو دڕندەیەی، کە بە سەر ژیانی ناوەوەی، ڕابردووی، منداڵیی و گرێ دەروونییەکانیدا سەروەر بوو. لەگەڵ کافکادا بۆ یەکەم جار ئەم دڕندەیە لە دەرەوە دێت: جیهان وەکو تەڵە هەستی پێ دەکرێت. مرۆڤ لە لایەن جیهانی دەرەوە: لە لایەن دەستەڵاتەوە لە “کۆشک”دا، لە لایەن دەستەڵاتی نادیارەوە لە “بڕیاری دادگا”دا، لە کتێبەکانمدا مێژووە کە مرۆڤی ئەوروپی جڵەوگیر دەکات. چی ئەگەرێک لە ئارادایە بۆ ئێمە لە جیهانێکدا کە بووە بە تەڵە؟ دەتوانێن چی هەڵ بژێرێن؟ چی شێوەیەکی ژیان هەیە؟ سەرەنجام جیاوازیی نییە، ئایا (ک.) گرێی ئۆدیبی هەیە یان باوکی لە بەرچاو گرتووە، بە کەمترین شێوە چارەنووسی ناگۆڕێت. بەڵام لە ڕێی ئەمەوە کاراکتەرێکی پرۆست بە تەواویی دەگۆڕێت. جیهانی پرۆست یان فلۆبێر کراوە بوو. مێژوو دیار نەبوو. تەنانەت کەمێک درکی پێ نەدەکرا. بۆ ئێمە مێژوو بەرجەستەیە، دیارە. مێژوو جەنگە. مێژوو سیستەمێکی سیاسییە. مێژوو کۆتایی ئەوروپایە. مێژوو ڕەها ماقووڵە – و دیارە-، و ئێمە لە ناوجەرگەیداین: دیلین. لە بەر ئەوەیە کە تەڵەیە.
مەکئیوان: … ئێوە جارێکیان باسی تەنیاییتان کرد، کە لە کاراکتەرەکانی کافکادا وێران دەکرێت.
کوندێرا: بەڵێ. مرۆڤ بە جڤات دەورە دراوە – ئەمەش دێوەزمەی کافکایە-، کە تەنیایی تێیدا دەڕووخێنرێت و تەخت دەکرێت. هەموو کەسێک دەتوانێت کەسێکی دی ببینێت. مرۆڤ هەرگیز بە تەنیا نییە. کافکا هێشتا بە هەمان پێوەر ڕاڤە دەکرێت، وەکو وەچەکەی پێش ئەو. ئەمە بە جۆرێکە وەکو مرۆڤ وەکو هایدن هەمان پێوەر بەکار بهێنێت. هێشتا هەمان کلێشەی ڕۆمانتیکی تەنیایی بۆ کافکا بەکار دەهێنێت: تەنیایی هەڕەشە لە مرۆڤ دەکات، تەنیایی تەنیا نەرێنییە، تراژیدیای ڕۆشنبیر لەوەدایە، کە ڕەگی لە ناو خەڵکدا نییە، بەو جۆرە کافکا خۆی دەبێتە نووسەر، کە بە ئازاری تەنیاییەوە دەتلێتەوە، کە بە دوای جڤاتدا دەگەڕێت، بە دوای برایەتیدا دەگەڕێت، کە دەیەوێت جێگای خۆی لە جیهاندا بدۆزێتەوە – ئەمەش هەموو شتێکە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێک ئەم کلێشەیەی بەراوەژوو کردەوە. بە ڕاستی جیهانی کافکا بە تەواویی جیاوازە. زەویپێوەکەی “کۆشک” وەڕسە و کوونەلووتی لە ژینگە پڕ بووە. ئەو بە دوای برایەتیدا ناگەڕێت، بەڵکو بە دوای کارێکدا دەگەڕێت. بەڵام تەنیا هەراسان دەکرێت. هەموو کەسێک هەراسانی دەکات. چاودێریش دەکرێت. جێخەوەکەی لەگەڵ خەلفەکانیدا بەش دەکات و لە بەر ئەوەی هەمیشە بە دەوروبەرییەوەن، ناتوانێت لەگەڵ فرێدادا بخەوێت. لە لای کافکا تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن جێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بدۆزنەوە، کە دەستبەرداری تەنیاییان دەبن و بەمەش بۆ ماوەیەکی درێژ دەستبەرداری کەسایەتییان دەبن.
بەڵام برایەتی مانای چییە؟ کافکا ئەم چەمکە بەراوەژوو دەکاتەوە. برایەتی دەبێتە شتێکی قێزەون، ترسناک، مەترسیدار. کافکا یەکێک لە بیرۆکە بێچەندوچوونەکانی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر گومانەوە. ڕێک ئەمە ئەرکی سەر شانی ڕۆماننووسە: هەمیشە گومان لە بەها بنچینەییەکان بکات، کە ژیانی ڕاستەقینەمانی لە سەر بینا کراوە.

17105508_1874086182833955_327119370_n 9832017_17125103_1874086109500629_1898916593_n

وەڵامێک بنووسە