خوێندن و په‌روه‌رده‌

پەروەردەى سلێمانى قوتابخانەى ئەلیکترۆنى بۆ جێگرتنەوەى مامۆستای تایبەت دەکاتەوە

قوتابخانەی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پەروەردەى سلێمانییەوە بە جدى کارى تێدا دەکرێت، سەرەتایەکە بۆ جێگرتنەوەى وانەى تایبەت.

بە تەواوبونى پرۆژەکە سەرجەم وانەکانى پۆلەکانى ١٢ى ئامادەیى و ٩ى بنەڕەتى بە تۆمارکراوى دەخرێنە ماڵپەڕى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پەروەردەى سلێمانییەوە و خوێندکاران دەتوانن لە جیاتى گرتنى مامۆستاى تایبەت و خەرجکردنى پارەیەکى زۆر، سەردانى ئەو ماڵپەڕە بکەن و بێ بەرامبەر سوودى لێوەربگرن.

بەشێک لە خوێندکاران ساڵانى ڕابردوو و ئێستاش بە پارەیەکى زۆر مامۆستای تایبەتیان بۆ وانەکان دەگرت، بەڵام بەرێوەبەرایەتیی گشتیى پەروەردەى سلێمانى لە پرۆژەکەیدا ئەو مامۆستایانەى کۆکردووەتەوە کە ساڵانێکى زۆر ئەزموونیان هەیە و ئەوان وانەکانیان تۆمارکردووە.

لەئێستادا لەسەدا ٦٠ سەرجەم وانەکانى ١٢ى ئامادەیى تەواوبووە و لەسەر ماڵپەڕەکە دابەزێنراوە و بڵاوکراوەتەوە.

لەساڵی ٢٠١٢ەوە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیى پەروەردەی سلێمانیەوە پرۆژەى قوتابخانەی ئەلیکترۆنی دەستی پێکراوە.

ئەو خوێندکارانەى کە بەهەر هۆکارێک بێت لەخوێندن دوورکەوتوونەتەوە و دەیانەوێت بەشداریى لە تاقیکردنەوە دەرەکییەکاندا بکەن، کاتێکى زۆریان لەبەردەستدایە بۆ سوود وەرگرتن لە پرۆژەکەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پەروەردەى سلێمانى و دەتوانن لە وانەکانى ئەو قوتابخانە ئەلکترۆنییە سوود مەند بن.

وەڵامێک بنووسە