خوێندن و په‌روه‌رده‌هه‌واڵ

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌: هیچ چاره‌سه‌رێكم به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌

هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ داواكاری‌ مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ لای‌ ئه‌وان‌و به‌رپرسانی‌ پارێزگاكه‌ نیه‌، ئه‌وه‌شی‌ له‌توانایاندا بووه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ده‌وامی‌ خوێندنگه‌كان ئه‌نجامیانداوه‌، بۆیه‌ له‌ئێستادا هیچ چاره‌سه‌رێكی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ناوبراو دوای‌ ئه‌وه‌دێت، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ خۆپیشاندانیێكی‌ فراوانی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازیی له‌سلێمانی‌ ئه‌نجامدرا كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و راپه‌ڕین و شاره‌زوریشی گرته‌وه‌، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ دیاریكردنی‌ ئه‌مڕۆ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خوێندن له‌و شوێنانه‌ دوای‌ زیاتر له‌ مانگێك بایكۆتی‌ خوێندن دژی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وت و دواكه‌وتنی‌ موچه‌.

دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی  رایگه‌یاند “هه‌موو توانای خۆمان له‌به‌رپرسانی سلێمانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو په‌روه‌رده‌و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ خستووه‌ته‌كار، ئیتر له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نیه‌، ئێمه‌ش هه‌مان مه‌عاناتی مامۆستایانم هه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ “منیش وه‌كو ئه‌وان ده‌وام ده‌كه‌م و له‌وانیش ناڕازی ترم، به‌ڵام كاره‌كه‌ی من كارێكی گشتیه‌و خه‌ڵكانێك له‌شوێنی دوره‌وه‌ دێن بۆ لام بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان، كاره‌كه‌ی من ویژانیه‌، توانای ئێمه‌ش هه‌تاوه‌كو ئێره‌ بوو”.

مامۆستایان خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆیان وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ بڕیاره‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا داده‌نێن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ده‌وام، به‌رانبه‌ر پێدانی‌ بڕێك پاره‌ وه‌كو هاوكاری‌ به‌ مامۆستایان.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رونیكرده‌وه‌ “داوای مامۆستایان حه‌قێكی شه‌رعی خۆیانه‌، داواكانیان ره‌وایه‌و موچه‌كانیان كراوه‌ به‌روبعه‌ موچه‌و داوا ده‌كه‌ن له‌كاتی خۆیدا پێیان بدرێت، بۆیه‌ كاری سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ته‌ به‌جدی بێن به‌ده‌م داواكانیانه‌وه‌، داوای خۆپیشانده‌ران له‌ده‌ست ئێمه‌و به‌رپرسانی سلێمانیدا نیه‌، دڵنیام مامۆستایانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن”.

به‌بڕوای‌ دڵشاد عومه‌ر “ئه‌و مه‌بله‌غانه‌ی كه‌ به‌ته‌ماین بیده‌ین به‌مامۆستا بڕێكی باشه‌و له‌داهاتودا لێیان وه‌رناگیرێته‌وه‌، هاندانێكی باشه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌راستی له‌ئاستی تموحی مندا نیه‌ به‌ڵام ئێمه‌ش هه‌رئه‌وه‌نده‌مان له‌توانادایه‌و به‌ڕاستی ده‌بێت ئیدی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت گوێ له‌داواكاریه‌كانیان بگرێت، ئێمه‌ش له‌و ناڕه‌حه‌تی و قه‌ره‌باڵغیه‌ ده‌ربچین”.

به‌پێی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ وه‌كو هاوكاری‌ بۆ مامۆستایان كۆكراوه‌ته‌وه‌، بڕیاردراوه‌ بۆ مامۆستای‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار له‌ 210 هه‌زار بۆ 290 هه‌زار بێت، بۆ مامۆستایانی‌ ناوشاریش هاوكارییه‌كه‌ 160 هه‌زار دینار بێت، ئه‌وه‌ش هاوكاری‌ رێكخراوی‌ (JIZ)ی‌ ئه‌ڵمانی‌‌و ژووی‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌‌و حزبه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ 60 هه‌زاری‌ حكومه‌ت. 

ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ كه‌ بۆ مامۆستایان كۆكراوه‌ته‌وه‌، مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ رازی‌ نه‌كردووه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت حكومه‌ت موچه‌كانیان بداته‌وه‌و سیستمی‌ پاشه‌كه‌وت ده‌ستكاری‌ بكرێت نه‌ك هاوكاری‌ بكرێت.

دڵشاد عومه‌ر ده‌ڵێت “ساڵ‌و نیوێكه‌ من له‌په‌روه‌رده‌م ته‌نها یه‌ك رۆژ ئیسراحه‌تم نه‌كردووه‌، بریا له‌ده‌سه‌ڵاتی مندا بوایه‌و چاره‌سه‌رم بكردایه‌ به‌ڵام له‌توانای مندا نیه‌، به‌ڵكو له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تدایه‌، هیوادارم گوێ بۆ داواكانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران بگیردێت”.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ وتیشی‌ “ئه‌وه‌ی من كردوومه‌ بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی سنوری سلێمانیه‌، ئێستاش هیچ چاره‌سه‌رێكم به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، پێویسته‌ سه‌روی من بیر له‌چاره‌سه‌ربكاته‌وه‌”.

ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ مانگێكه‌ بایكۆتی‌ مامۆستایان به‌رده‌وامه‌و تائێستا سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كان بۆ شكاندنی‌ بایكۆت و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خوێندن بێ ئه‌نجام بووه‌.

تائێستا له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان، راپه‌ڕین‌و كۆیه‌، وه‌زری‌ نوێی‌ خوێندنی‌ ئه‌مساڵ (2016-2017) ده‌ستی‌ پێنه‌كردوه‌ به‌هۆی‌ بایكۆتی‌ زیاتر له‌ 50 هه‌زار مامۆستای ئه‌و سنوورانه‌وه‌، كه‌زیاتر له‌ 700 هه‌زار خوێنكار له‌ خوێندن بێبه‌ش بوون.‌

له‌سنووری پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌و كۆیه‌، نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زارو 500 خوێندنگه‌ خوێندن تێیاندا راگیراوه‌.

 

وەڵامێک بنووسە