خوێندن و په‌روه‌رده‌وتار

په‌روه‌رده‌ .. په‌روه‌رده‌ .. فێركردن….

عباس محمد بەرزنجی:
پرسیاره‌ جەوهەریەکە ئەوەیە ،گۆڕینی سیستەمی پەوەردە و فێرکردن و هێنانی پرۆگرامی هاوردە و بەکارهێنای تەکنەلۆژیای پێشکەوتو،کار بۆ دورستکردنی نەوەیەکی دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان و خاوەن هەڵوێست دەکا ؟ نەوەیەک دەتوانێت دورست بکرێت بەم سیستەمی پەوەردەیە کە خۆشەویستی و دڵسۆزی و خزمەتکردن و خۆبەخشی ببێتە فەرهەنگ و کەلتوری ؟!

بەمانایەکی تر ، ئایا خوێندن و فێرکردنی زانست و زانیاری و تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ نەوەکانمان ، بەم سیستەمەی ئێستای قوتابخانەکانمان دەتواندرێت لەپاڵی نەوەیەکی دڵسۆز و خۆشەویستی خاک و نیشتیمان ببەخشێتە کۆمەڵگا ؟ بۆ وێنە ،دوای تەواوکردنی خوێندن کە دەرچویەکی زانکۆ دەبێتە بەڕیوبەڕێکی گشتی یان بەرپرسیاریەتیەک لە پرۆژە و دەزگایەکی میری وەردەگرێت ،ئاخۆ سیستەمی پەروەردە وای راهێناوە کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگاکەی بپاریزێت و دەسپاکانە و دڵسۆزانە مامەڵەی لەگەڵ بکات بۆ چاکەی گشتی و کۆمەڵگا بەگەڕی بخات و ئەو بەرپرسیاریەتیەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و دەوروبەرەکەی بەکار نەهێنێت ؟
جمهوری ئیسلامی ئێران پاش روخانی شا ساڵی ١٩٧٩ ،شۆرشەکەیان کە سەرکەوت هەرچی یەک رۆژ کاری لەگەڵ شا و ساواک کردبو رێگایان پێ نەدرا بەشدار بێت لە پێگەیاندنی نەوەی نوێ و لەسلکی بەڕیوەبردن و پەروەردە و فێرکردن دوورخرانەوە و وڵات خرایە دەستی ئەو کەسانەی کە دڵسۆزی شۆرش بون ،بە ئەزمونێکی کەمی حکومڕانی بەڵام بەخەڵکانێکی دڵسۆز توانیان نەوەیەکی هۆشیار و دڵسۆز بۆ خاک و وڵات شۆرش پێبگەیەنن ئامانجەکانی شۆرش بهێننەدی.  ئێستا کە ئێران ٣٤ ساڵە ئابلۆقەی ئابوری لەسەرە ، بەڵام ئێستا بۆمبی ئەتۆمیشیان دورست کردوە ! بەجیا لەوەی لە پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا نەک پێویستیان بەکەس نیە بەڵکو هاوکاری وڵاتانیتر دەکەن چونکە نەوەی خۆیان نەدا دەست پاشماوەکانی دکتاتۆریەت و ساواک بۆیان پەروەردە بکات ،خاک و زەوییان پاک کردەوە ئینجا بینایان لەسەر بنیاتنا ،نەک لەسەر کۆنە دیوار و پاشماوەکانی رژێمی پێشو، بەمەش بناغەیەکی پتەویان بەخشیە کۆمەڵگا !
ئامانجی زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی دورست کردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و پێشکەتوە ،زیاتر لە ١٤٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا واتە پێش ئیسلامیش لە دورگەی عەرەبی مناڵی خۆیان دوای لەدایک بون دەدا بە ( دایەن ) تا گەورە دەبو و لەخەم دەردەجو بۆ ئەوەی تێکەڵی گەوران لە تجار باشان و درۆ فرۆشانی بازاڕی  عکاز نەبێت،فێرە راستگویی و خۆراگری بێت .
بەداخەوە تەنها ئێمە نەبێت،دوای ئەوەی زۆرترین و گەورەترین ئازار و مەینەتیمان بینی لەژێر حوکمی ئەو فەرهەنگ و پەروەردە دواکەوتوە، نەک مناڵەکانمان تەنانەت شۆرشگێرەکانیشمان کە لە شۆرش سەرکەوتین خۆمان تەسلیم بە دکتاتۆرەکان و پاشماوەکانی و سیستەمە دارزیوەکەی کرد ،ئەوانیش وەکو پێشەی هەمیشەییان و فەرهەنگە دارزیوەکەیان فێریان کردین چۆن بازرگانی بکەین و پارە پەیدا بکەین ، ئەوەی لامان گرینگ نەبێت پێگەیاندنی نەوەیەکی دڵسۆزە بۆ خاک و نیشتیمان ، سیستەمی پەروەردە و فێرکردنیان بە هەمان فەرهەنگ و کەلتوری دکتاتۆرانە هێشتەوە ، قوتابخانەکانیان لەسەر بناغەیەکی بتە و پاک بنیات نەنایەوە بەڵکو لەسەر دیواری پڕ لە پۆخڵەواتی سیستەمە کۆنەکە کردەوە ،رێگەیان نەدا خاکەکەی پاک بکەینەوە و سیستەمێکی دڵسۆزانە شۆرشگێڕانە بکەینە نسینی نەوەی داهاتومان ،تا وای لێهات خۆیان خزاندە ناو هەمو کایەکانی ژیان و بەڕێوەبڕدن و دواتر شەری نەگریسی ناوەخۆی بەدوای خۆییدا هێنا و هەزاڕان رۆلەی ئەو میللەتە بونە قوربانی و نەک نەمانتوانی لەم سالانە هەنگاوێ بچینە پیشەوە بەڵکو بە پیجەوانەوە چەندین هەنگاو گەڕاینەوە دواوە !
جا نەمام لەسەر ئەم جۆرە خاکە بەرناگرێت،نەمە گەورەکان خوار بونە و دەستی لێبدەی دەشکێت ، بۆیە چارمان نیە دەبێت لە زەویەکە دەست پینکەین و بناغەکەمان بۆگەنی کردوە و دەبێت پاک بکرێتەوە و فەرهەنگ و کەلتورێکی کوردانە بهێنینە نێو سیستەمی بەڕێوەبڕدن و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن ،کەلتوری بێگانە و داگیرکاری تێکەڵمان بوە پیویستمان بە گوڵبژێری هەیە، مێژوو و جوگرافیای دکتاتۆرەکان و داگیرکەران هیچ سودێک بە نەوەکانمان ناگەیەنێت و پێویستە مێژو و جوگرافیای خۆمان جیابکەینەوە ، سەرەڕای گۆڕینی سیستەم ئاراستەی بیرکردنەوەمان بەیەک ئاراستە ببەین و خۆشەویستی و دڵسۆزی و دەست پاکی و خۆبەخشی بکەینە فەرهەنگ و کولتوری تاکەکان کۆمەڵگا .
ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە و زەرری زۆرمان کردوە ،بەڵام هێشتا درەنگ نیە و دەتواندرێت زەویەکان پاک بکەینەوە و بینایەکی پتەو بە دڵسۆزی و پاکی و بەخشندەیی و هۆشیاری نەوەکانمان دورست بکەین نەک بە ئەندازیاری هاوردە بە بلوتوز ..!

وەڵامێک بنووسە