هه‌واڵ

وەزیرى خوێندنى باڵا چەند بڕیاێک بۆ بوژانەوەى بەشى کوردى زانکۆى بەغداى دەرکرد

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەوەى لە توانامادا بێ بۆ بوژانەوەى بەشى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد درێخى ناکەین و، هەمو هەوڵ و توانایەکى خۆمان دەخەینەگەڕ تا بەشەکانى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد بکەونەوە سەر پێى خۆیان و، بەردەوامى بدەن بەخزمەتکردن بەزمان و ئەدەبى کوردى، لەو پێناوشدا چەند بڕیارێکى دەرکرد.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/٤/٢٠١٧) لە میانەى دیدارێکدا لەگەڵ پ.ی.د حەیدەر ئەبو زەهرا سەرۆکى بەشى زمانى کوردى لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى بەغداد هات.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، م. فوئاد سمایل یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە و پەرەپێدان و، م.ی. فەیسەڵ غازى بڕیاردەرى بەشى زمانى کوردى لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى بەغداد بەڕێوەچو باس لە بارودۆخى بەشەکانى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د حەیدەر ئەبو زەهرا سەرۆکى بەشى زمانى کوردى لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى بەغداد کورتەیەکى لەبارەى دۆخى بەشەکەیان پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک ئاماژەى بەو کەموکوڕیانە کرد کە لە بەشەکەیان هەیە بەتایبەت نەبونى ستافى زانستى، وتیشى ئەگەر وا بڕوات بەشەکەمان بەناچارى دادەخرێ، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى بەشى زمانى کوردى باسى لە چالاکیەکانى بەشەکەیان کرد و وتى: بەشى زمانى کوردى لە ساڵى (١٩٥٩) دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ساڵى (٢٠١٧) هیچ چالاکیەکى زانستى نەبوە، بەڵام لەم ساڵدا بەشەکەمان دەستى بەکۆمەڵێک چالاکى زانستى و ئەکادیمى کرد گرنگترینیان ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى یەکەمین کۆنفرانسى زانستى تایبەت بەزمان و ئەدەب و ڕێگەکانى وانەوتنەوە بو، کە لەسەرەتاى ئەم مانگە بەبەشدارى مامۆستایانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و خستنەروى (٢٤) توێژینەوە لە بەغداد بەڕێوەچو، وتیشى ئامانجمان لە بەستنى ئەو کۆنفرانسە دروستکردنى پردى پەیوەندى نێوان بەشەکەمان و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بو.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د حەیدەر ئەبو زەهرا ڕاگەیاند شارەکانى خوار و ناوەڕاستى ئێراق لە هەر شوێنێکى دیکە زیاتر پێویستیان بەمامۆستاى زمانى کوردى هەیە  و، لە ئێستاشدا بەخوێندنى بەیانیان و ئێواران (٦٠٠) خوێندکارمان هەیە، وتیشى هەرچەندە کێشەى لۆجستیمان نیە، بەڵام کێشەى زۆرمان لە نەبونى ستافى زانستى هەیە، بۆ ئەوەش داواى لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد هاریکاریان بکەن بەدابینکردنى ستافى زانستى و، پێدانى کورسى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بە بەشەکەیان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوانى کرد و ڕایگەیاند: بەشەکانى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد لەماوەى ڕابردودا خزمەتێکى زۆریان بەزمان و ئەدەبى کوردى کرد و، دەیان کەسى بەتواناى پێگەیاندوە، بۆیە وەک پێشتر باسمان کردوە ئەوەى بە ئێمە بکرێ بۆ بەردەوامیدانى بەکارەکانتان ئێمە درێخى ناکەین و هەمو کارئاسانى و پاڵپشتیەکى بەشەکانى زمانى کوردى دەکەین، وتیشى ناکرێ لە (بەریتانیا و پۆڵاندا و ئاڵمانیا) بەشى زمانى کوردى دەکرێتەوە، کەچى لە زانکۆى بەغداد دابخرێ!.

بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان و پەرەپێدانى بەشەکانى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى دەرکرد ڕایگەیاند لە پڕۆژەى ناساندنى زمان و ئەدەبى کوردى  (Kurd Scholarship هاوشێوەى خوازیاران لە وڵاتانى دیکە ژمارەیەک کورسى خوێندن بۆ ئەو خوازیارانە تەرخان دەکەن کە لە زانکۆى بەغدادەوە دێن و دواتر لەو بەشە خزمەت بکەن، لەهەمان کاتدا هەر فەرمانبەرێکى بەشەکانى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد لە خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێن لە تەواوى کرێى خوێندن دەبەخشرێن و کارئاسانى تەواویش بۆ وەرگرتنیان دەکرێ، جگە لەوانەش هەر مامۆستایەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڕۆنە بەشەکەکانى زمانى کوردى لە زانکۆى بەغداد سەربارى ئەو کرێى وانەیەى لە بەشەکە پێیى دەدرێت، لەهەمان کاتدا وەزارتیش مانگانە بڕێک پارەى وەک هاندان بۆ خەرج دەکات، بەشێوەیەک لە (٥٠٠) هەزار کەمتر نەبێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشنیازى بۆ وەفدى میوان کرد گرێبەستێک لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەى خوێندکارەکانیان بۆ ماوەیەکى دیاریکراو بێنە هەرێمى کوردستان و لێرە بمێننەوە بۆ ئەوەى ئاشنایى ژینگەى کۆمەڵایەتى و کەلتورى کوردستانیش ببن، هەروەک پێشنیازیشى کرد لەگەڵ بەشەکانى زمانى کوردى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کۆنفرانسى هاوبەش ببەستن، لە کۆتایى وتەکانیشدا د.یوسف گۆران وتى: ئەوەى بە ئێمە بکرێ بۆ خزمەتکردن بەزمانى و ئەدەبى کوردى درێخى ناکەین، چونکە زمان نەک هەر ناسنامەى نەتەوەیەکە، بەڵکو ئامرازى تێگەیشتن و نزیکبونەوە و ئاشنابونە بەکەلتور و مێژو جوگرافیاى نەتەوەکانیشە.  

 

وەڵامێک بنووسە