هه‌مه‌ڕه‌نگ

مێژووی دروستبونی پێڵاو

پێڵاو ئەو ئامڕازەیە كە مرۆڤ چەندین سەدەیە ناسیویەتی و بۆ پاراستنی پێیەكانی بەكاری هێناوە، مێژووی پێڵاویش دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش زاین .

سەرەتا پێڵاو لە پێستی ئاژەڵان و تەختە دروستكراوە دواتر چەندین نەخشی جۆراوجۆر و شێوازی سەرنج ڕاكێشیان تێدا دروست كردووە، ئەم شێوازی دروستكردنەش وڵات بە وڵات بەپێی كلتوری خۆیان گۆڕاوە، وەك چۆن لە كوردستاندا كڵاش بەرهەم هێنراوە و لە وڵاتانی چین و خۆرهەڵاتیش لە ڕێگەی قوماش و تەختەوە پێڵاویان دروست كردووە، ئەم شێوازی دروست كردنەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە گۆڕاوە و پێڵاوی گەورە پیاوان یاخود كەسە دەوڵەمەندەكان جیاواز بووە لە هەژاران. بەڵام لە ئێستا دا چەندین شێوازی نوێ هاتونەتە كایەوە و بە دەر لە ناوی پێڵاو چەندین ناوی دیكەیان هەڵگرتووە .

ئەو شێوازەی ئێستا لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا و بە تایبەت لە وڵاتانی خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا باوە، پێڵاوی بن بەرزە كە مێژووی دروست بونەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زاین لە لایەن فیرعەونەكانەوە بۆ ئەو خانمانەیان دروست دەكرا كە باڵایان كورت بوو، لەبەر ئەوەی وەك عەیبە وابوو ئەگەر خانمی فیرعەون بێت و باڵای كورت بێت، بەڵام ئەم شێوازە تەنها لەو كاتەدا بۆ ئەو خانمە بەكار دەهێنرا و هیچ كەسێك بۆی نەبوو ئەم شێوازە بەكار بهێنێت .

لە دوای هاوسەرگیریەكەی (لویسی ١٦) پاشای ئەو سەردەمەی فەڕەنسا لەگەڵ (ماری ئەنتۆنیەت) وە شێوازێكی نوێ دروست بوو بۆ پێڵاوی پیاوان، ئەویش لەبەر ئەوەی (ماری) باڵای لە (لویسی ١٦) بەرز تر بوو لە هەمان ئاهەنگ دا (لویس) فرمانی بە خزمەتكارەكانی كرد پێڵاوێكی بۆ دروست بكەن تا باڵای لە (ماری) بەرزتر بێت، لەو كاتەوە پێڵاوی بەرز بووە مۆدێلێك بۆ پیاوان و خانمان بەتایبەتی .

شێوازی پێڵاوەكان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشەی دەكرد و شێوازی نوێی بەرهەم هێنانیان تێدا بەكار دەهێنا، لە كۆتای ساڵەكانی ١٨٠٠ تا سەرەتاكانی ١٩٠٠ پوت بوە مۆدێل لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا بە تایبەت لە ئەمریكا، ئەویش لە رێگەی كاوبۆیەكانەوە لەبەر ئەوەی هەموویان ئەسپ سوار بوون، چەندین شێوازی نوێیان بەكار دەهێنا بۆ زیاتر جوانكردنی .

ئەگەر چی پێشتر تەنها چەند پێڵاو سازێك هەبوو بۆ بەرهەم هێنانیان، بەڵام لە ئێستادا چەندین زانكۆ و پەیمانگا هەیە ساڵانە بە هەزاران كەس ڕووی تێدەكەن و بۆ ئەو مەبەستە دەخوێنن و لەكارگەكانی تایبەت بە بەرهەم هینانی پێڵاو كار دەكەن .
30seqf7 95963Image1 122442017_History-of-Shoes-Prehistoric 219201414106image001-708043

 

وەڵامێک بنووسە