هه‌واڵ

وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رێژه‌ی بێكاری بڵاوده‌كاته‌وه‌..

محه‌مه‌د هاودیانی، وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم ئاشكرایده‌كات كه‌ رێژه‌ی‌ هه‌ژاریی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بۆ سه‌دا 12 به‌زربووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی ئامارێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ به‌شداره‌ له‌پرۆسه‌ چاكسازییه‌كانی هه‌رێم ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ساڵی 2012 ته‌نیا سه‌دا 3.5 بووه‌.

محه‌مه‌د هاودیانی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، بۆ سایتی خه‌ندان، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ “به‌پێی ئاماره‌كانی ئێمه‌ (وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌) رێژه‌ی هه‌ژاری له‌هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 12ه‌یه‌، رێژه‌ی بێكاریش له‌سه‌دا  13.3یه‌”.

ئه‌و لێدوانه‌ی‌ وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم (له‌پشكی یه‌كگرتوو)، له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی خه‌ندان-دا هات سه‌باره‌ت به‌ئاماره‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی‌ رێژه‌ی‌ هه‌ژاریی له‌هه‌رێمی كوردستان.

وه‌فدێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو 16-11 له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كیاندا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و منداڵ‌و خێزان له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ “له‌ئێستادا رێژه‌ی‌ هه‌ژاریی له‌هه‌رێم یكوردستان به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌دا 12”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌ر ئه‌و وه‌فده‌ ئه‌وه‌یان خستوه‌ته‌ڕوو، كه‌ له‌ساڵی 2007 رێژه‌ی هه‌ژاری له‌هه‌رێم سه‌دا 4.8 بووه‌و له‌ 2012 بۆ سه‌دا 3.5 دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌.

بانكی نێوده‌وڵه‌تی پێیوایه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ سه‌دا 12 په‌یوه‌ندی به‌بوونی شه‌ڕی داعش‌و دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و هه‌ڵومه‌رجی سیاسیی هه‌رێم-ه‌وه‌ هه‌نبووه‌.

بۆیه‌ به‌پێویستیان زانیوه‌ “هه‌مووان پێكه‌وه‌ هه‌وڵی جدی بده‌ین بۆ راستكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌وباره‌شدا لای ئێمه‌ خه‌ڵك به‌پله‌ی یه‌كه‌م دێت”.

بانكی نێوده‌وڵه‌تی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر توانییان ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستبهێنێت، بۆ خستنه‌ڕووی چه‌ند پێشنیازو راسپارده‌یه‌ك به‌ناوی گرووپی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی بانكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاكسازی كه‌ له‌چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی ستراتیژی پێشكه‌ش به‌حكومه‌ت كرابوو و له‌ئێستادا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

كرۆكی نه‌خشه‌رێگاكه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، سێ ئاستی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت، یه‌كه‌میان تایبه‌ته‌ به‌ده‌رفه‌تی كارو بازاڕ په‌یداكردن‌و دووه‌میش تایبه‌ته‌ به‌بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و دواهه‌میشیان تایبه‌ته‌ به‌نه‌هێشتنی هه‌ژاری.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ چوارشه‌ممه‌شدا روونیانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ی ئه‌وان پرۆگرامێك نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ به‌ئاماده‌كراوی هێنرابێت، به‌ڵكو نه‌خشه‌رێگاكه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخ‌و سروشتی سیاسیی كوردستان دارێژراوه‌.

وەڵامێک بنووسە