هه‌واڵ

ئەمرۆ لە شاری هەولێر رێکخراوە قوتابی و خوێندکارییەکان کۆبوینەوە بۆ گەرانەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان…

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌رێزان :- په‌رله‌مانی كوردستان

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

وه‌زاره‌تی دارایی

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ (٣١ – ٣ – ٢٠١٩) له‌ شاری هه‌ولێر له‌ باره‌گای رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی قوتابیانی كوردستان رێكخراوه‌ قوتابی و خوێندكارییه‌كان كۆبوونه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی پرسی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان.

دوای به‌ره‌و پێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و باش بوونی بارودۆخی دارایی و نه‌مانی سیسته‌می پاشه‌كه‌وت كردنی موچه‌،ئێمه‌ له‌ رێكخراوه‌ قوتابی و خوێندكارییه‌كان گێرانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ی قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگاكان به‌ پێویستیه‌كی هه‌نوكه‌یی ده‌زانین له‌ پێناو به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن.

ئاشكرایه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا بڕیاری نه‌مانی ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بارگرانییه‌كی زۆری بۆ قوتابیان و خوێندكاران دروستكردوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌.

ئێمه‌ له‌ رێكخراوه‌ قوتابی و خوێندكارییه‌كان داوای پێدانی ده‌رماڵه‌ی قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌كه‌ین و پشتگیری سه‌رجه‌م مافه‌كانیان ده‌كه‌ین.

ناوی رێكخراوه‌ قوتابی و خوێندكارییه‌كان:

یه‌كێتی گشتی قوتابیانی كوردستان

په‌یوه‌ندی ئیسلامی خوێندكاران و لاوانی كوردستان

رێكخراوی چاكسازی توركمانی

كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان

یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان

رێكخراوی قوتابیانی كوردستان

رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی قوتابیانی كوردستان

٣١ – ٣ – ٢٠١٩

هه‌ولێر