به‌یاننامه‌هه‌واڵ

بەیاننامەی مەکتەبی سکرتاریەتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان بە بۆنەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەزموونەکانی پۆلی (۹)ی بنەڕەتی و (۱۲)ی ئامادەیی زانستی و وێژەیی.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەناوی مەکتەبی سکرتاریەتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم دەرچوانی قۆناغی (۹)ی بنەڕەتی و (۱۲)ی ئامادەیی و یەکەمەکانی پۆلی (۹)ی بنەڕەتی و هەردوو لقی (۱۲)ی زانستی و وێژەیی دەکەین، هیوادارین بتوانن لە قۆناغەكانی داهاتووی ژیانی خوێندن و زانستیان سەركەوتنی زیاتر و نمرە و پلەی باڵاتر بەدەست بێنن.

بەداخەوە لە تاقیكردنەوەكانی ئەم ساڵی خوێندندا بوونی هەڵە و كەم و كورتی پرسیارەكان لە ئەزمونە گشتیەكاندا كاریگەری نەرێنی و خراپی لەسەر دەروون و داهاتووی قوتابیان دروست كرد و قوتابیان پەنایان بۆ نارەزایی و گردبوونەوە و خۆپیشاندان برد بۆ گەڕاندنەوەی مافەكانیان.

ئێمە لە ڕێكخراوی گەشەپێدانەوە وێرایی پاڵپشتی و پشتگیریمان بۆ داوا ڕەواكانی قوتابیان داوا لە لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پەروەردە دەكەین كە بەخەمخۆری و جدییەوە بەدەم قوتابیانەوە بێن و قەرەبویان بۆ بكرێتەوە و ئەم هەڵانەش لە ساڵانی داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
به‌رێزان ئێمە لە ڕێكخراوی گەشەپێدانەوە بە چاوێكی سەرسورمانەوە ڕوانیمانە ئەم جیاكاری و جیاوازیەی بەرامبەر بە قوتابیان لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی ناوە دەرچووەكاندا ئەنجامدرا و قوتابیەكی خاوەن حیجاب و داپۆشراو و زانستخواز وەكو هەموو هاورێكانی تری نمرەی بەرزی بەدەست هێناوە تەنها لەبەر داپۆشراوییەكەی دەخرێتە ریزی دواوە، ئەم ڕەفتارە لەگەڵ ئازادی تاكەسی و دیموكراسی و بیركردنەوەی جیاواز و یەكتر قبوڵ كردن و پاراستنی مافی قوتابیان ناوەشێتەوە و پێویست بوو وەزارەتی پەروەردە بە یەكسانی سەیری هەموو قوتابیانی بكردبوایە.

قوتابیانی خۆشه‌ویست ئێمە لە ڕێكخراوی گەشەپێدانەوە پاڵپشتی تەواوی ماف و داوا ڕەواكانی ئێوه‌ دەكەین و لەگەڵتان دەبین بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانتان، هەر وەك دژی هەر هەڵس و كەوتێكین كە مافی تاك و ئازادییە گشتیەكان پێشێل بكات.

دووبارە پیرۆزە لە سەرجەم دەرچوانی قۆناغی (۹)ی بنەڕەتی و (۱۲)ی ئامادەیی.

مەکتەبی سکرتاریەتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان
٢٤-٦-٢٠١٩ هەولێر