هه‌واڵ

میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران رێك دەخرێتەوە

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 19ی 8 دەرچووە و ئاماژە بە رێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران كراوە.

ئەوە خراوەتەڕوو بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەکان پێك بهێندرێت.

لیژنەكە لە چەند بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەری گشتی سەرجەم پەروەردەكان پێكهاتووە.

جەلال هەمزە كاكە شین ، ئەندامی لیژنەكە و بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پەروەردە بە (باس)ی راگەیاند، ئامانجی لیژنەكەیان رێكخستنەوەی میلاكاتە، وتی: “زانیاری هەیە لە هەندێك قوتابخانە مامۆستا و فەرمانبەر زۆرە و لە هەندێك شوێنی تر كەمە و پێویستیان بە میلاكاتە، ئامانجی ئێمە لە لیژنەكە دابەشكردنەوەی میلاكاتە “.

روونی كردەوە دوای رێكخستنەوەی میلاكات بۆیان روون دەبێتەوە چەند مامۆستا و چەند بەشە وانە و چەند فەرمانبەر هەیە و پێداویستیەكان چین بۆ داهاتوو، وتیشی:” پڕۆسەكە تەنها مامۆستایان ناگرێتەوە، بەڵكو فەرمانبەرانیش دەگرێتەوە، بە تایبەت پاسەوان و خزمەتگوزار”.

رەتی كردەوە ئەوەی دەوام نەكات لە ناو سەرنتەری شارەكان دوور بخرێتەوە بۆ دەرەوەی شارەكان، گوتیشی: ” لە وەزارەتی پەروەردە بندیوار زۆر كەمە، تەنها كێشەی دابەشكردنەوەی میلاكمان هەیە،لە گوندەكان ژمارەی پاسەوان و خزمەتگوزار بە جۆرێك زۆرە لە هەندێك گوند ژمارەی ئەوان لە مامۆستایان زیاترە”.

میلاكی وەزارەتی پەروەردە 165 هەزار كەسە، كە نزیكی 123 هەزاریان مامۆستان.

كاكە شین ئاشكراشی كرد لە نێو سەنتەری شارەكان ژمارەی مامۆستای وانە زانستیەكان لە بیركاری و فیزیا و زیندەورەزانی كەموكوڕیان هەیە، دەشڵێت:” كێشەكە زیاتر لە قۆناخی ئامادەییە،بەڵام لە قۆناخی بنەڕتی كەموكوڕیەكە پەیوەندی بەوە هەیە لە هەندێك قوتابخانە مامۆستا زۆر ە و لە هەندێكی تریش كەمە، دەمانەوێت ئەوە چارەسەربكەین “.

ئەو كە بەرێوەبەری گشتی سەرپەرشتی پەروەردەییە دووپاتی كردەوە بۆ چارەسەركردنی كەمی مامۆستا پێویستیان بە دامەزراندنی تازە هەیە”پێویستمان بە دامەزراندن هەیە چونكە لە ساڵی 2014وە تەنها 4 هەزار مامۆستا بە گرێبەست دامەزرێندراون هیچ كەسێك بە هەمیشەیی دانەمەزرێندراوە لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری مامۆستا خانەنشین بوونە یان وازیان هێناوە و قوتابخانە و قوتابیانیش زۆر بووە بۆیە زۆر پێویستمان بە دامەزراندنی تازەیە”.

جەختی كردەوە دوای تەواوكردنی كارەكانیان لیژنەكە راپۆرتێك بە وەزیری پەروەردە دەدات.

عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند،پشتگیری لەو هەنگاوانە دەكەتن كە بۆ رێكخستنەوەی میلاكات دەگیرێنەبەر، وتی:” پشتگیری وەزارەتین بۆ رێكخستنەوەی میلاكات، بەڵام دەبێت لە كاتی رێكخستنەوەكە مافی مامۆستایان پارێزراو بێت و بڕیارێك بدرێت بۆ خزمەتی پەروەردە بێت”.