خوێندن و په‌روه‌رده‌هه‌واڵ

قوتابخانەیەکی ٢٠٠ مەتری لە سلێمانی نزیکەی ٤٠٠ قوتابی هەیە


قوتابخانەی خەلیفاوا لە گەڕەکی خەلیفاوای پارێزگای سلێمانی، لە نێو خانووێکی 200 مەتریدا درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدات، قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکەش دەڵێن چەندین ساڵە داواکارن ئەم گرفتەیان بۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام بێ ئەنجام بووە، بۆیە ھیواخوازن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە، پێش ھاتنی وەرزی زستان ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکات.

ڕەنگە منداڵانی قوتابخانەكە ھیچیان کەمتر نەبێت لە قوتابخانەکانی دیکە، بەڵام وەک دیاره‌ ئەو بارودۆخەی ئەم قوتابیانەی تێدایە تەواو جیاوازە، قوتابخانەی خەلیفاوا لە گەڕەکی خەلیفاوای پارێزگای سلێمانی، نزیکەی 400 قوتابی ھەیە، بەڵام لە خانویەکی 200 مەتریدا درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن.

لەگەل ئەوەشدا هیچ گۆڕاپان و یاریگایەکی نیە و بۆ وانەی وەرزش لەدەرەوە و لەسەر جادە چالاکی ئەنجام دەدەن، کە ئەمەش وا دەکات یان چالکی وەرزش ئەنجام نەدەن، یاخود جێی خۆشحالی قوتابیەکان نەبێت.

بەڕێوەبەی قوتابخانەکەش دەڵێت: “دەرگای ھیچ بەرپرسێك نەماوە لێی نەدات و کێشەی قوتابخانەکەی پێیان نەگەیاندبێت، بەڵام دەستی دەستیان پێدەکەن و ھەریەکەیان بڕیارێك و بەڵێنێکیان پێداوە، دەشڵێت چەندینجار خێرخواز خانووەکەیان بۆ نۆژەنکردوونەتەوە و بە ئاستەمیش مامۆستا ڕازی دەبێت لەو قوتابخانەیە وانە بڵێتەوە، دەشڵێت ھەرپۆلێکیان زیاد لە 30 قوتابی تێدایە و بە دوو دەوامیش وانە دەڵێنەوە.

قوتابخانەی خەلیفاوا ساڵی 2008 دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە نێو ئەو خانووەدا قوتابیانی وانە دەخوێنن، سەرەتا 70 قوتابی وانەی لێخوێندووە، بەڵام ئێستا زیاد لە 400 قوتابی وانەی تێدا دەخوێنن، لە پۆلی 1 تا 6 بنەڕەتی، وەکو بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش دەڵێت مانگانە 350 ھەزار وەك کرێ دەدەن بە خاوەنەکەی و ھیوادارن پێش ھاتنی وەرزی زستان حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکات.

کوردستان٢٤ – سلێمانی

ئ. م