وتار

خودا منی بۆ ڕێکخستنی کاروباری مرۆڤایەتی داناوە،منیش دەستەکانم نەخستۆتە نێوگیرفانمەوە، مـنـم حامورابی بڵاوکەرەوەی دادگــەری!

حامورابی لە نێوان ساڵانی ۱۷۹۲ ـ ۱۷۵٠ ی پێش زاین دەسەڵاتدار بووە، کەسێکی ئاین پەروەر بووە مانای ناوەکەشی ئەگەر بە زمانی بابلی لێکیبدەینەوە ئەوە بە مانای (خزمەتکاری خوای گەورە و پیتکار دەبەخشێت) حامورابی دەسەڵاتداری شاری بابل بووە و توانیویەتی نیشتمانەکەی ژێر دەستی لە پارچە پارچە بون بپارێزێت و ناوچەی نفوزی خۆشی فراوان بکات بە هۆی کەساییەتیە سەربازی و توانا کارگێڕییە گەورەکەیەوە یاساکانی حامورابی لە ساڵی ۱۹٠۱ ـ ۱۹٠۲ دا کۆمەڵێک شوێنەوار ناسی فەرەنسی بە سەرکردایەتی(جاک دی مۆرجان) دۆزرایەوە، دەقی یاساکانی حامورابی لەسەر تاتە قوڕێک نوسراوەتەوە لە ۲۸۲ ماددە پێکهاتـووە و نزیکەی پێنج مادەی تێکچوون و ناتوانرێت بخوێنرێتەوە، تاتە قوڕەکە ئێستا لە مەتحەفی لۆڤەرە لە پاریس. ووڵ دیورانت دەڵێت لە مێژودا وێنەی کەسایەتییەکی گەورە دەبینین ئەویش حامورابی ڕزگارکەر و یاسادانەر و سەرکردەیە کە بۆ ماوەی چل و دوو سال فەرمانڕەوایەتی کردووە. حامورابی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و کشتوکاڵی سەردەمی خۆی باش خوێندۆتەوە و بۆیە لە کۆی مادەکانی یاساکەیدا هەستاوە بە ڕێکخستنی ئەو بابەتانە، وە کۆی مادەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە چارەسەری ( بابەتی گەواهی درۆ و دزیکردن و دەستدرێژی و لێدان و کۆیلەی ڕاکردوو و زەوی پاشایەتی و چاندنی زەوی کشتوکاڵی و مخالەفەی ئاودانی زەوی کشتوکاڵی و چاندنی دارخورما و قەرزی بازگانی و دابەشکردنی قازانج و زیان لە نێوان هاوبەشەکان و دابەشکردنی میرات و فرت و فێڵ لە کاری بازرگانی و ڕەهنکردن و بون بە کۆیلە و زەواج و تەلاق و دوبارە شوکردنەوە و تەبەنی کردن و هەڵگردنەوەی مناڵی زۆڵ و مافی بێوەژن و و و ) بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە لە مادەکان تەرکیز کراوەتەوە سەر قصاص ( تۆڵەکردنەوە ) هەندێک نمونە یەکەم /ئەگەر وەستایەک دیواری بۆ ماڵێک کرد و دیوارەکە ڕوخاو کەسێکی خاوەن ماڵێ کوشت ئەوە وەستاکە دەکوژرێتەوە٠ دووەم/ ئەگەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر کوڕێک، ئەوا دەستدرێژی دەکەنەوە سەری و دوایش (دەستدرێژی کەر) دەخەسێنرا. سێیەم/ ئەگەر کەسێکی چاوی کەسێک کوێر بکار، ئەوا چاوی کوێر دەکرێتەوە، ئەگەر ددانی بشکێنێت ئەوا ددانی دەشکێننەوە….هتد لە تەوراتیش هەمان شت هەبووە، لە ( ئینجیل ) عیسا دەڵێ ئەگەر زلەت لە لای راستی کەسێک دا تۆش لای چەپی بۆ شلکە. لێکچونێکی زۆر هەیە لە نێوان بنەماکانی یاسای حامورابی لەگەڵ کتێبی ئاینە ئیبراهیمیەکان بە تایبەتی کتێبی (تەورات) له قورئانیش هاتووە -( وَكَتَبْنَا عَلَيْهِمْ فِيهَا أَنَّ النَّفْسَ بِالنَّفْسِ وَالْعَيْنَ بِالْعَيْنِ وَالْأَنفَ بِالْأَنفِ وَالْأُذُنَ بِالْأُذُنِ وَالسِّنَّ بِالسِّنِّ وَالْجُرُوحَ قِصَاصٌ ۚ فَمَن تَصَدَّقَ بِهِ فَهُوَ كَفَّارَةٌ لَّهُ ۚ وَمَن لَّمْ يَحْكُم بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ (البقرة 45) (-وَلَكُمْ فِي الْقِصَاصِ حَيَاةٌ يَا أُولِي الْأَلْبَابِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (البقرة 179) – ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ فِي الْقَتْلَى الْحُرُّ بِالْحُرِّ وَالْعَبْدُ بِالْعَبْدِ وَالْأُنْثَى بِالْأُنْثَى فَمَنْ عُفِيَ لَهُ مِنْ أَخِيهِ شَيْءٌ فَاتِّبَاعٌ بِالْمَعْرُوفِ وَأَدَاءٌ إِلَيْهِ بِإِحْسَانٍ ذَلِكَ تَخْفِيفٌ مِنْ رَبِّكُمْ وَرَحْمَةٌ فَمَنِ اعْتَدَى بَعْدَ ذَلِكَ فَلَهُ عَذَابٌ أَلِيمٌ ﴾. البقرة (178). زۆرێک لە لێکۆڵەرەوان و لە دیارترینیان (سامی بەدری) سەرۆکی بەشی ئاینیی بەراوردکاری پەیمانگای ئیسلامی لە بەریتانیا دەڵێت حامورابی ۳٠٠ ساڵ پاش پەیامبەر ئیبراهیم ژیاوە. ڕایەک هەیە گوایە حامورابی هاوسەردەمی شەریعەتی موسا(تەورات)ژیاوە بۆیە حوکمەکان و دەقەکانی لە تەوراتەوە وەرگرتووە، هەروەکو چۆن وڵاتی عێراق کاتێک ویستی یاسایی تایبەت بە خۆی هەبێ (لە خارجی دەقە شەرعییەکان) ئەوا بەشێکی زۆری یاساکانی لە یاساکانی وڵاتی میسر و فەرەنساوە وەرگرت. ئەگەر یاساکان بە چاوی ئەمڕۆ ببینین ئەوە نادادپەروەری پێوە دیارە،بەڵام لە کاتی خۆیدا بەرزترین پلەی عەدالەتیان تۆمار کردبو!

پارێزەر گۆران صالح عبدالقادر