هه‌واڵ

بڕوانامەی دەرچووانی وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پەسەند دەکرێت

بۆ پەسەندکردنی بڕوانامەی ئەو قوتابیانەی لەوڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو خوێندوویانە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری قوتابیەکان دەکات سەردانی فەرمانگەکەیان بکەن.

عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “ئەو قوتابیانەی لە 15 وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو خوێندنیان تەواوکردووە، بۆ ئاسانکاری و پەسەندکردنی بڕوانامەکانیان دەتوانن رۆژانی 9 و 10ـی ئەم مانگە سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بکەن”.

بەپێی راگەیێندراوەکە، رۆژانی 22، 23 و 24ـی ئەیلوولی 2019 لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بڕوانامەی بەشێک لەو قوتابیانە پەسەند کراوە. 

عەبدولخالق محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد “لەکۆی 160 قوتابی لەمانگی ئەیلوول 90 قوتابیان سەردانیان کردین و مامەڵەکانیان تەواو بووە، 70 قوتابی ماون و ئاگادار نەبوونە، ئێستا دەتوانن سەردانی فەرمانگەکەمان بکەن. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا بۆ جاری دووەم و بۆ ئاسانکاری و پەسەندکردنی بڕوانامەکان دادەنیشن، کاروبارەکانی تایبەت بە پەسەندکردنی بڕوانامەکان جێبەجێدەکەن”.

لە ئاگادارکردنەوەکەی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە “پێویستە بڕوانامەکان مۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی لەسەر بێت، کە خوێندنیان لێ تەواو کردووە، چونکە نوێنەرایەتی تەنها مۆری دروستی وەزارەتی دەرەوەی ئەو دەوڵەتانە پەسەند دەکات”.