هه‌واڵ

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە

ئاگاداریەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ قوتابیانی دەرچووی دوازدەیی ئامادەیی،وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیاندراوێکیدا ڕایگەیاند ماوەى سکاڵا تۆمارکردن و دابەزین و گۆڕینى شوێن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى درێژدەکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عەباس ئەکرەم بە سایتی ناوبراوی ڕاگەیاند؛ لە پێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بەو دەرچوانەى تا ئێستا سکاڵایان تۆمارنەکردوەو ئەنجامدانى پرۆسەى دابەزین و گۆڕینى شوێن و پەیوەندى کردن بە زانکۆکان و دەستکردن بەدەوام و بابەتى کەفالە بۆ دەستبەکاربون، ئەم چەند ڕونکردنەوەیە بە دەرچوان ڕادەگەیەنین:

  • ماوەى پێشکەشکردنى سکاڵا بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ٤٨ کاتژمێر درێژکرایەوە، بەوپێیەش تا کاتمێر ١٢ی شەوى دوشەمە ڕێکەوتى ٢٠١٩/١٠/١٤ تۆمارکردنى سکاڵا بە شێوەى ئۆنڵاین لە وێب سایتى ڕێگای زانکۆ بەردەوامدەبێت.
  • دابەزین و گۆڕینى شوێن تاکو کۆتایى ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت، واتە تاکو کۆتایى دەوامى فەرمى رۆژى پێنجشەمە ڕێکەوتى ٢٠١٩/١٠/١٧ کە پرۆسەى دابەزین و گۆڕینى شوێن لە نێوان تۆمارى زانکۆکان خۆیان ئەنجامدەدرێن.
  • وەرگیراوانى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ دەستبەکاربون پێویست ناکات کەفیل لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ئەو زانکۆیەى کە لێى وەرگیراون، تەنها کەفالەکە دەبات و مامەڵەى دەستبەکاربونى بۆ دەکرێت، دەشتوانن لە هەر شوێنێک بێت مامەڵەى ئەنجامدانى کەفالە ئەنجام بدەن، لە بەشى یاسایى زانکۆکان یاخود فەرمانگەى دادنوسى.
  • داوا لە وەرگیراوانى زانکۆ و پەیمانگەکان دەکەین بە زوترین کات پەیوەندى بەو کۆلێژو بەشانەوە بکەن کە لێى وەرگیراون بۆ ئەوەى مامەڵەى دەستبەکاربون لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئەنجامبدەن، چونکە دەوامى قۆناخى یەکەمى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەست پێدەکات.