هه‌واڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێژەی ٢٥% کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کەمکردەوە

پاش ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان بەڕێژەی %٤٥ کەم بکاتەوە، ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى ٢٠١٩/١٠/١٥ لە کۆبونەوەیەکدا تایبەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆو پەیمانگا تایبەتەکان وەزیری خوێندنی بالا د.ئارام قادر لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەبوون.
د.ئارام قادر لەڕاگەیاندراوێکیدا ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنى بارو گوزەرانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و لەبەر رۆشنایى کارنامەو پلانى حکومەت و وەزارەتەکەمان، بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرێى خوێندن بەڕێژەى ٢٥% کەمدەکرێتەوە.
هەریەک لە سەرۆک زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان ڕاو بۆچون و پێشنیازى خۆیان بۆ بەرەو پێشبردنى ئاستى زانکۆکانیان و کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان خستەڕو.