وتار

کردەی خۆکوژی و تێڕوانینێکی یاسایی

کیا رۆستەمی لە فیلمی (تامی گێلاس) دەنوسێت:
من دەزانم خۆکوشتن تاوانێکی گەورەیە ، بەڵام ئەی ئەوە تاوان نیە مرۆڤ بەختەوەر نەبێت.

ژیان ئەو مانایەی هەیە لە پێناویدا بجەنگی، بایی ئەوەندە جوانە تیایدا بمێنینەوە.
مرۆڤ ململانێی ژیان دەکات نایەوێت خۆکوژ بێت ، ئەو دەیەوێ ئەو شتە بکوژێت کە پاڵنەری خۆکوژییەکەیەتی!

یاسای ووڵاتان لە کۆن و نوێدا هەریەکەیان بە جۆرێک ڕووبەرووی دیاردەی خۆکوژی وەستاون ، بە جۆرێکە

لە ڕۆمای کۆندا هەرکەسێک بیویستایە خۆی بکوژێت نوسراوێکی رەسمی پێشکەشی دەوڵەت دەکرد کە دەیەوێت خۆی بکوژێت ، دەوڵەتیش بڕی پێویست ژەهری بۆ ئامادە دەکرد.

ساڵی ١٦٧٠ پاشای فەرەنسا (لویس) ی چوارەم
بە مەرسومێک توندترین سزای ئەو کەسەی دەدا کە خۆی دەکوژێت ، لە شەقامەکاندا سەربەرەوخوار هەڵیدەواسی و هەموو موڵک و ماڵەکەی مصادرة دەکرد.

لە سویسرا نۆرینگەی خۆکوژی هەیە ، کەسێک بیەوێت خۆی بکوژێت لەوێ دەرزی لێ دەدرێت بۆ ئەوەی بە بێ ئازار بمرێت ، عادەتەن کەسوکار لە دەوروبەری خۆکوژەکە دەبن.
نموونەش نۆرینگەی Dignitas و Exit کە بە تەمەن و بێهیواکان زۆرێکیان لەو نۆرینگانە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

لە یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا لە هەندێک ماددەی یاساییدا باس لە هەوڵدان و کردەی خۆکوژی دەکات

لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ لە ماددە ٤٠٨ لە سێ بڕگە پێکهاتووە بڕگەی یەکەمی بە یاسای ژمارە ٤٢ ساڵی ٢٠٠٤ لە هەرێمی کوردستان هەموار کراوەتەوە ، هاتووە

هەرکەسێک هانی کەسێک بدات خۆی بکوژێت ، یان بە هەرشێوەیەک یارمەتی بدات خۆی بکوژێت ، یان بوبێت بە هۆکاری خۆکوشتنەکە ئەگەر خۆکوشتنەکە بە پێی ئەو ڕویدابێت ئەوا ئەو کەسە سزای زیندانی بە سەردا دەدرێت بۆ ماوەیەک لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، لە حاڵەتی هەوڵدانیشدا سزاکەی لە پێنج ساڵ کەمترە.
هەروەها دەڵێت ئەگەر خۆکوژ هەژدە ساڵی تەمەنی تەواو نەکردبێت یان نەخۆشی عەقڵیی هەبێت ئەوا سزاکەی هەتا پانزە ساڵ دەڕوات.
لە یەکێکی تر لە بڕگەکانی هەمان یاسادا هاتووە سزای ئەو کەسە نادرێ کە هەوڵی خۆکوشتن بدات.

لە مادە ٢١ لە یاسای سزادانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هاتووە.

هەرکەسێک هەوڵی خۆکوشتن بدات یان خەڵکی هانبدات بۆ خۆکوژی ئەوا سزا دەدرێت بۆ ماوەیەک لە شەش مانگ زیاتر نەبێت.
ئەو یاسایە زیاتر شمولی پۆلیس و ئاسایش و کارمەندانی دیکەی دەوڵەت دەکات.

لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ، کە یاساییەکە پەیوەندی نێوان تاکەکانی خێزان تا پلە چوار ڕێکدەخات ، لە ماددەی دووەم بڕگەی یەکەم هاتووە لە چوارچێوەی خێزاندا توندوتیژی جەستەی و جنسی و دەروونی لە تاکەکانی خێزان قەدەغە دەکرێت، وەکو نموونە لە خاڵی ١٠ باسی خۆکوشتن لە ئەنجامی توندتیژی خێزانی دەکات.

فەلسەفەی یاساکان چاوترساندن و چاکسازییە،
ئەو دەقانەش کەمتر لەگەل رۆحی یاساکاندا یەکدەگرێتەوە
کەسێک هەوڵی خۆکوشتن بدات، باشتر نیە بنردرێتە سەنتەرێکی دەرونی یان کۆمەڵایەتی هەتا کێشەی پشت هەوڵی خۆکوشتنەکەی بۆ چارەسەر بکەن؟!

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە راپۆرتێکدا ئەوەیان بڵاو کردۆتەوە کە لە هەر ٤٠ خولەکێکدا کەسێک خۆی دەکوژێت
واتە سالانە ٨٠٠ هەزار کەس خۆیان دەکوژن ، زۆربەیان لە نێوان تەمەنی ١٥ بۆ ٢٩ ساڵیدان.
بێلانەیی و نائارامی و کێشەی دارایی و جیاکاری ڕەگەزی و پەنابەرێتی و جەنگ و هەژاری و دڵتەنگی دیارترین هۆکارەکانی خۆکوشتنن.

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی گالوپ Gallup poll هاتووە (هەرکاتێک دینداری زیادی کرد خۆکوژی کەم دەکات)

لە ئامارە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی ئێش IASP دا هاتووە ڕێژەی خۆکوژی لە نێوان بێدینان زیاترە و لە نێوان ئایندارەکان بە تایبەت (موسڵمان) کەمترە، هەرێمی کوردستان کە ریژەی دینداری تیایدا زۆرە
کەمترین ریژەی خۆکوشتن تیایدا تۆمارکراوە بەرامبەر بە ووڵاتانی تر.

لە کۆتاییدا ووتە جوانەکەی جۆرج بێرنادشۆ( ١٨٥٦- ١٩٥٠ ) بە بیر خۆمان دەهێنینەوە کە دەڵێت:
خۆکوژی ڕێگایەکی ئاسانە، بۆ ئەوانەی کەم قودرەت و کەم صەبرن.

پارێزەر گۆران صالح عبدالقادر

بابه‌تی گرنگ

Close