هه‌واڵ

ئه‌نجومه‌نی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازیی بڕیاره‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریدا مانگانه‌ بڕی‌ 100 هه‌زار دینار بۆ مامۆستایانی‌ ناو شارو 150 هه‌زار دینار بۆ مامۆستایانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار خه‌رجبكرێت، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ شكاندنی‌ بایكۆتی‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازیی بڕیاره‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌و بڕیاره‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ نێوان قوباد تاڵه‌بانی‌ و وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و یه‌كێتی‌ مامۆستایاندا دراوه‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ ره‌وشی‌ خوێندن و بایكۆتی‌ مامۆستایان له‌سنوری‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و راپه‌ڕین. به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا مانگانە بڕی‌ (١٠٠) هەزار دینار بۆ مامۆستایانی‌ نێو شار و بڕی‌ (١٥٠) هەزار دینار بۆ ئەو مامۆستایانەی‌ هاتوچۆی‌ دەرەوەی‌ شار دەکەن تەرخانبکرێت کە لە لایەن وەزارەتی‌ دارایی و بە پاڵپشتی‌ پێشنیار و دەستپێشخەرییەکانی‌ پلە باڵاکانی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە و ئەنجوومەنی‌ ئاسایش و ڕێکخراوە بیانییەکان و هەموو ئەو لایەنانەی‌ ئامادەییان بۆ ئەم مەبەستە دەربڕیوە، وەک پاڵپشتی‌ دارایی بۆ مامۆستایانی‌ سەر بە وەزارەتی‌ پەروەردەی‌ حکومەتی‌ هەرێم دابین دەکرێت. هه‌روه‌ها له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بەڵێنی‌ بەردەوامیدانی‌ داوه‌ بە هەوڵەکانی‌ بۆ دابینکردنی‌ شایستە داراییەکانی‌ مووچەخۆران لە کاتی‌ خۆیدا. ئه‌و بڕیاره‌ له‌كاتێكه‌ بایكۆتی‌ مامۆستایان له‌سنوری‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و راپه‌ڕین نزیكه‌ی‌ دوو مانگه‌ به‌رده‌وامه‌، دژی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وت و دواكه‌وتنی‌ موچه‌. تائێستا دەرگای قوتابخانەكان لەسلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین نەكراونەتەوە بەهۆی بایكۆتی زیاتر لە ٥٠ هەزار مامۆستاوە. تائێستا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار خوێندكار لە ٢٥٠٠ قوتابخانە لە خوێندن بێبەشبوون.

وەڵامێک بنووسە