هه‌واڵ

كه‌شناسی رێژه‌ی باران بارین دیاریده‌كات

لە یەكەم شەپۆلی باران بارینی ئەمساڵ وەك بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، باسیدەكات، بارانێكی زۆر باریوە‌و زۆرترین بارانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە بەجۆرێك “لە ماوەی 24 كاژێری رابردوو 106.2ملیم باران باریووە”.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان راگەیاند لەماوەی 24كاژێری رابردوودا بارانێكی زۆر لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان باریوە، ئەمەش وەك یەكەم شەپۆلی باران بارین، حاڵەتێكی زۆر باشە”.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینی ئەو شەپۆلە باران بارینەی كردبوو، هەر بۆیە بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان دڵخۆشە بەوەی پێشبینیەكەیان لەوبارەیەوە راست دەرچووە، ئەو گوتی “وەك پێشتر پێشبینیمان كردبوو بارانێكی باش باری، زۆرترین بارانیش لە ماوەی 24 كاژێری رابردوو سنووری پارێزگای سلێمانی بووە كە 106.2ملیم باران باریووە”. 

لەبارەی رێژەی باران بارینی پارێزگاكانی دیكەی فازڵ ئیبراهیم گوتی “لە هەولێر 27.5 ، لە دهۆك 12.8‌، لە كەركووك 20 ملیم ‌، لە هەڵەبجە 26 ملیم ‌و لە مەخموور كە ناوچەیەكی كشتوكاڵی باشی هەیە 16.9 باران باریووە”.

بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو كاریگەری شەپۆلەكە تەنیا ئەمڕۆ هەینی 2-12-2016 لەناوچە شاخاوییەكان دەمێنێ‌، بۆ رۆژی شەممە 3-12-2016 شەپۆلەكە كۆتایی دێت.

رۆژی سێشەممە 29-11-2016، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندبوو، شەپۆلێكی بەفر ‌و باران روو لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ رەواندنەوەی ئەو رەشبینییە، كە ئەمساڵ بەهۆی كەمبارانیەوە دروستبووە.

وەڵامێک بنووسە