هه‌مه‌ڕه‌نگ

لە سلێمانی پێشانگایەک بۆ کۆمێنتی ڕەخنەی خوێندکارانی زانکۆ کرایەوە

لە پێشەنگایەکدا لە سلێمانى کۆمێنتى خوێندکاران خرایەڕوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لە ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان گرتبوو بەراورد بە زانکۆکانى جیهان.

ڕێکخەرانى پێشەنگاکە دەڵێن لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕەخنە و تێبینییەکانى خوێندکاران ئاگادار دەکەنەوە.

ئەو پێشانگایە لە پێشانگاکانی ترى خوێندكاران جیاوازە، ئەم وێنانەى نمایشکراون، بیروبۆچوونى خوێندکارانى زانکۆن لەبارەى چۆنییەتى خوێندن و ئەو مامۆستایانەش کە وانەیان پێدەڵینەوە.

ڕێکخراوێک لە سلێمانی لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە کۆمێنتی خوێندکارانی زانکۆی کۆکردوەتەوە و لە پێشانگاکەدا نمایشی کردوون، وەک خۆیان دەڵێن بەنیازن لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لێ ئاگاداربکەنەوە.

زۆربەی کۆمێنتەکان باس لە لاوازى ئاستى زانکۆکان دەکەن بەراورد بە زانکۆکانى جیهان، هەندێکیشیان باس لە لاوازى ئاستى ژمارەیەک لە مامۆستایان دەکەن.

بەشێک لە خوێندکارەکان باسیان لەوە کرد کە نابێت زانکۆکان تەنیا شوێنى پێدانى بڕوانامە بن بەڵکو پێویستە خوێندکاران فێرى زانست بکرێن.

مامۆستایانی بەشدار لە پێشانگاکەدا کۆمێنتی خوێندکارەکانیان ڕەت نەکردەوە و نەیانوت گلەیی خوێندکارەکانیان ناڕاستن، داوایان کرد پێشانگایەکیش بۆ گلەییەکانی ئەوان لە خوێندکاران و کۆی سیستەمی خوێندن بکرێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕەخنەی زۆر ئاراستەی زانکۆکانی ھەرێم کرا بەوەی کە ئاستی زانستییان ھێندە نزمە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە زانکۆ پێشکەوتووەکانی وڵاتانی دیکە، ھاوکات ڕەخنەی ئەوەش ئاراستەی زانکۆکان دەکرا کە کەمترین توێژینەوەیان کردووە و تویژینەوەکانیش لە ئاستی پێویستدا نەبوون.

م.ر

 
 
 
 

وەڵامێک بنووسە