خوێندن و په‌روه‌رده‌هه‌واڵ

نرخی گواستنەوەی خوێندکاران بۆقوتابخانە رێکدەخرێت

student-transport

قائیمقامی سلێمانی، دەیەوێت نرخی گواستنەوەی خوێندکاران، بۆ قوتابخانەکان رێکبخرێت، بۆ ئەوەش فەرمانی بە دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەت کرد، کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەروەردە ، ھاتوچۆ، چاودێری بازرگانی، گواستنەوە و ئاسایشی سلێمانی ئەندام دەبن تیایدا.

بەپێی راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لەگەڵ ھەریەک لە نوێنەری فەرمانگە حکومیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، ھاتوچۆ، چاودێری بارزگانی، گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی کۆبووەوە، لەکۆبونەوەکەدا دەربارەی دانانی رێکخستنی ھاتوچۆی خوێندکاران لە ماڵەکانیانەوە بۆ خوێندنگا گفتوگۆیان کردووە.

ئاوات محەمەد، رایگەیاندووە، رێکخستن و چۆنیەتی کارکردنی ھۆکارەکانی گواستنەوەی خوێندکاران لە ماڵەکانیانەوە بۆ خوێندنگاکان، بەشێکە لەو ئەرکە و پێویستە بە ھەموو لایەکەوە سیستمێکی گونجاویان بۆ دابنرێت.

ھەروەھا وتوویەتی، دیاریکردنی نرخی گواستنەوەی، خوێندکاران یەکێک دەبێت لە کارنامەکان و لەسەر بنەمای دووری خوێندکار لە خوێندنگەکەیەوە دیاریدەکرێت، کە ئێستا جیاوازیەکی زۆر لەنرخەکاندا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ھەیە، و لیژنەکە نرخەکان دیاریدەکات و پێویستە شوفێرەکان پابەندبن پێوەی.

یەکێکی تر لە کارەکانی ئەو لیژنە کە بەرێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرپەرشتی دەکات، وەرگرتنی زانیاری تەواوە لەسەر ژمارەی خوێندکاران، جیاکردنەوەی ھۆکارەکانی گواستنەوە (پاس – تاکسی) کەلەسەر ویستی خوێندکار دیاریدەکرێت، و پێدانی لۆگۆیەکی تایبەت بەئەو شوفێرانەی کاری گواستنەوەی خوێندکار دەکەن، ئەوەش بەوتەی قایمقامی سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوکەسەی ھاتوچۆ بە خوێندکاران دەکات پێویستە سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی و توندوتۆڵی و ھاتوچۆ جێبەجێ بکات کە لەلایەن بەرێوەبەری خوێندنگەکان و لیژنەکەوە چاودێری دەکرێت، و رۆژانە بەدواداچوون بۆ ھاتوچۆکردنەکان دەکرێت، و ئەو شوفێرانەی مۆڵەت لە لیژنەکە وەردەگرن رێگە بە کارکردنیان دەدرێت.  

وەڵامێک بنووسە