ئهنجامی تاقیكردنهوهكانخوێندن و پهروهرده
ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامی تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكان رادەگەیێندرێت و دەشڵێت، ئەنجامی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بەیەكەوە رادەگەیێندرێت.
كەریم لەتیف ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردە، ڕایگهیاند: دوای كاركردنێكی زۆر ورد لەسەر ئەنجامی تاقیكردنەوەكان ئەمڕۆ چوارشەممە 27-6-2018 ئەنجامی تاقیكردنەوەی پۆلەكانی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی رادەگەیێندرێت و كارێكمان كردووە هەردوو ئەنجامەکان بەیەكەوە رابگەیێندرێت”.
بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەشكرد، لەپێناو ئەوەی هەڵەیان بەسەردا تێنەپەڕێ، تیمەكانیان زۆر بەوردی كارەکانیان ئەنجامداوە.
رۆژی یەكشەممە 27-5-2018 تاقیكردنەوە گشتییەكان بۆ پۆلە ئامادەییەكان دەستیپێكرد و رۆژی دووشەممەش 28-5-2018 دەستپێكی تاقیكردنەوەی پۆلی 9ی بنەڕەتی بوو.
لە هەرێمی كوردستان 234 هەزار و 84 قوتابی تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكانیان لە چوار هەزار و 295 هۆڵدا ئەنجامدا، لەو ژمارەیەشدا 120 هەزار و 120 یان قوتابی ئامادەییەكان و 113 هەزار و 964 یان قوتابی نۆی بنەڕەتی بوون.
ماوەی چەند ساڵێکە راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12 لەڕێگەی ئۆنلاینەوەیە، قوتابی لەڕێگەی کۆدی تایبەت بە خۆی نمرەی وانەکانی وەردەگرێتەوە.




