وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وادەی ھەژماركردنی زیادەی مووچەی مامۆستایان ئاشكرا دەكات.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: “لە 1/12/2016، زیادەی مووچەی مامۆستا ھەژمار دەكرێت، كە 100 ھەزاردینار بۆ مامۆستایانی ناوشار و 150 ھەزاردینار بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار زیادكراوە”.
گوتیشی: “لە دوێنێوە لە ھەموو قوتابخانەكان كار بە لیستی “غیابات” دەكرێت و ھەر مامۆستایەك دەوام نەكات غیاب دەدرێت”.
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: “قەرەبووی دوومانگی رۆیشتووی وەرزی خوێندن ناكرێتەوە كە لە پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە دەوام نەكراوە”.
لە كۆبوونەوەی رۆژی 26/11/2016، بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پەروەردە و بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت و سەرۆک و جێگرانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و یەکێتی مامۆستایان، بڕیاردرا مانگانە بڕی 100 ھەزار دینار بۆ مامۆستایانی نێو شار و بڕی 150 ھەزار دینار بۆ ئەو مامۆستایانەی ھاتوچۆی دەرەوەی شار دەکەن تەرخان دەکرێت.




