كتێبخانه‌

خوێندنەوەی كتێب دەبێتەهۆی تەمەندرێژی

توێژینەوەیەكی نوێ دەڵێ كتێب خوێندنەوە دوو ساڵ بۆ سەر تەمەنت زیاددەكات، تاكو زیاتریش بخوێنیتەوە كاریگەرییە باشەكانی زیاتردەبن.

سەرەڕای بەربڵاویی پرۆگرامە ئەلیكترۆنییەكانی دابەزاندنی كتێب بۆ نێو ئامێرە هۆشمەندەكان، لە ئەمریكا ئێستەش خوێندنەوەی كتێبی ئاسایی چاپكراو روو لە زیادییە، ئەوەتا ساڵی 2014 و لەو وڵاتە 559 ملیۆن كتێب فرۆشرابوون، كەچی ساڵی 2015 ژمارەكە زیادیكردووە بۆ 571 ملیۆن كتێب.

تیمێكی زانستی ئەمریكی لە كاریگەرییەكانی خوێندنەوەی كتێبیان كۆڵیوەتەوە لەسەر تەمەندرێژیی مرۆڤ. بۆ ئەو مەبەستەش كاریان لەسەر راددەی خوێندنەوەی 3635 كەسی ئەمریكی كردووە كە تەمەنیان 50 ساڵ و زۆرتر بووە و بۆماوەی 12 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ ئەنجامداون.

كەسەكان راددەی خوێندنەوەی خۆیان بە توێژەران داوە و ئەوانیش لە رێژەی مردنی بەشداربووانیان كۆڵیوەتەوە لەو ماوەیەدا.
لە ئەنجامدا دەركەوت بە بەراورد بەوانەی ناخوێننەوە، ئەوانەی هەفتانە سێ كاژێر و نیو دەخوێننەوە، تێكڕای تەمەنیان بە راددەی 17% زیاددەكات، ئەوانەش كە زۆرتر لە سێ كاژێر و نیو دەخوێننەوە تەمەنیان بە راددەی 23% زیاددەكات.

بەگشتی لەماوەی ئەو 12 ساڵەدا دەركەوت ئەوانەی كتێب دەخوێننەوە دوو ساڵ زۆرتر دەژین لەوانەی ناخوێننەوە.

نووسەرانی توێژینەوەكە دەڵێن لەنێوان بەشداربوواندا ئەو چینانەی زۆرتر دەخوێننەوە بریتین لە خانمان، ئەوانەی كۆلێجیان تەواوكردووە و ئەوانەی داهاتی داراییان زۆرترە.

لە ئەنجامەكاندا هاتووە كە خوێندنەوەی رۆژنامە و گۆڤارەكانیش رۆڵی هەبووە لە تەمەندرێژیدا، بەڵام كاریگەرییەكەیان وەك خوێندنەوەی كتێب زۆر نەبووە.

پێشووتریش لە ساڵی 2013 توێژینەوەیەك دەریخستبوو كتێب خوێندنەوە بۆ خانەكانی مێشك بەسوودە و راددەی پەیوەندیكردنیان پێكەوە زۆرتردەكات.

ئەنجامی توێژینەوە نوێیەكە لە جۆرناڵی زانستیی “Social Science & Medicine” بڵاوكراوەتەوە و ماڵپەڕە پزیشكییەكانی وەك مێدیكاڵ نیوز تودەی ئاماژەیان پێكردووە.

وەڵامێک بنووسە