
لە کۆمەڵگەی مسێریكی سەر بە شارۆچکەی سێمێلی لە دهۆک، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بە ناوی” میران” کە لە سگماکییەوە بێدەستە، بە پێیەکانی کاری رۆژانەی ئەنجامدەدات.
میران لە قۆناخی 11ی ئامادەیییە و یەکێکە لە قوتابییە زیرەکەکانی پۆلەکەی. ئەو لە خێزانێکی هەژارە و بەهۆی نەبوونی دەستەکانیشی توانای کارکردنی نییە.
ئەحلام عومەر، دایکی میران باس لە بەخێوکردنی منداڵەکەی و سەختی ژیان و خوێندنی دەکات بەهۆی نەبوونی دەستەکانی. داوای هاوکاریش دەکات و دەڵێت، باری دارایی خێزانەکەیان زۆر خراپە و کرێچین.
شێرزاد محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی مسێریك دەڵێت “دوو ساڵە میران لە قوتابخانەی ئێمە دەوام دەکات. ئەو یەکێکە لە قوتابییە هەرە زیرەکەکان، هەرگیز غیاب نەبووە و هەموو کەسێک ئەوی خۆشدەوێت”.
سهرچاوه : رووداو




