ههمهڕهنگ
لە سلێمانی خاوەنی نازناوی چیرۆكنوسی ساڵ دیاریدەكرێت

بۆ ساڵی دووەم ستافێك لە چیرۆكنوسان و كۆمەڵەی نوسەرانی كورد لقی سلێمانی فێستیڤاڵێكی تایبەت لەژێر ناونیشانی وەرزی چیرۆكنوسان ئەنجامدەدەن و تیایدا چیرۆكنووسی ساڵ دیاریدەكرێت، بەڕێوەبەری ستافی چیرۆكنوسان ئاماژە بەوەدەكات كە چیرۆكەكان تەنها بە زاراوەی بادینی و سۆرانی وەردەگیرێت و ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە چالاك كردنی بواری چیرۆكنوسینە لە ئەدەبی كوردیدا.
هاوشان عەزیز عەبدوڵا بەڕێوەبەری ستافی چیرۆكنوسان بە ماڵپەڕی nrt2ی ڕاگەیاند: وابڕیارە لە نیوەی مانگی داهاتوودا بۆ ساڵی دووەم فێستیڤاڵی چیرۆك نوسین بەڕێوەبچێت، لەئێستادا دەستكراوە بە وەرگرتنی چیرۆكەكان و تا بەرواری 3\11 وەرگرتنی چیرۆك بەردەوامدەبێت.
ئاشكراشیكرد، پاش كۆتایی هاتن بە وەرگرتنی چیرۆكەكان، لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە جیادەكرێنەوە و یەكەم تا شەشەم دەستنیشان دەكرێت و بڕوانامەی بەشداریكردنیان پێدەدرێت، لە یەكەم تا سێیەم بە مەدالیای سەركەوتن دەستنیشاندەكرێن، ئەو كەسەی كە چیرۆكەكەی دەبێتە یەكەمی فێستیڤاڵەكە وەك كەسایەتی چیرۆكنوسی ساڵ دیاریدەكرێت.

ڕاشیگەیاند: لە ئەدەبیاتی كوردیدا هۆنراوە بە پلەیەكی باش بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە، بەڵام چیرۆك بەشێوەیەكی بەرچاو لاوازە و ئەوەی كە هشبووە تائێستا لە ئاستێكی زۆر باشدا نەبووە و كاڵوكرچیەكی پێوەدیارە، ئەم فێستیڤاڵەش بە مەبەستی چالاك كردنی بواری چیرۆك نوسین ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەیبەوەشكرد، تەمەنی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی چیرۆك و بەشداری كردن لە فێستیڤاڵی چیرۆكنووساندا لە 15 بۆ 35 ساڵ دیاریكراوە، هەرچەندە لە كوردستاندا چەندین جۆر زاراوەمان هەیە، بەڵام چیرۆكەكان تەنها بە زاراوەی بادینی و سۆرانی وەردەگیرێت.
وتیشی “لەئێستادا پێشنیاری ئەوەمان كردووە كە بۆ ساڵی داهاتوو ناوی فێستیڤاڵەكە بگۆڕین بۆ فێستیڤاڵی (شێركۆ بێكەس بۆ چیرۆكی كوردی)، بەڵام تائێستا بڕیاری تەواوەتی لەسەر ئەو پێشنیارە نەدراوە”.


